یاریگا –
راهێنەری دهۆک دەڵێت بۆ یارییەکەی سبەی بەرامبەر نەسڕ دوبەی چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەمان دەکەین.
لە گەڕی چوارەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، سێ شەممە ( 3ـی دیسێمبەری 2024 ) دهۆک لە ئیماڕات کاتژمێر 5ـی ئێوارە رووبەرووی نەسر دوبەی دەبێتەوە، لە یاریی رابردوو لە یاریگای دهۆک هەر دوو یانە 2 _ 2 گۆڵ یەکسان بوون.
مەسعود میرال راهێنەری دهۆک دەربارەی یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رایگەیاند:
پێش هەفتەیەک یارییمان لەگەڵ نەسر دوبەی کردووە و ئێمە باش یەکتر دەناسین، بۆ یارییەکەش چەند گۆڕانکارییەکی بچوک دەکەین و ئامادەینە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش لەم یارییە.
پیتەر گۆرگیس ئەستێرەی دهۆک باسی یارییەکەی کرد و دەڵێت ئێمە وەکو یاریزانان ئامادەین بۆ یارییەکە و ئەنجامەکەش بۆ هەر دوو یانە گرنگە.
لە کۆمەڵەی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دهۆک پێنج خاڵی هەیە لە ریزبەندی دووەمە و نەسڕ دوبەی بە حەفت خاڵ لە ریزبەندی یەکەم دێت، بە بردنەوەی دهۆک لەم یارییە تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتووی خولەکە مسۆگەر دەکات.