وادەی تەواوکردنی یارییەکەی فیۆرەنتینا و ئینتەرمیلان
شەوی رابردوو یاری نێوان فیۆرەنتینا و ئینتەرمیلان تەواونەکرا پاش پێکانە مەترسیدارەکەی ئیدواردۆ بۆڤی یاریزانی ڤیۆلا.
بۆڤی زمانی قوت دا لەنێو یاریگا و زۆر نەمابوو گیان لەدەست بدات، دواتر توانرا ژیانی ئەو یاریزانە رزگاربکرێت بەڵام یارییەکە هەڵپەسێندرا.
رووداوەکە لە خولەکی 17 روویدا و بەگوێرەی پڕۆتۆکۆلەکانی خولی ئیتاڵی دەبێت لەهەمان خولەکەوە یارییەکە دووبارە ئەنجام بکرێتەوە
هەردوو یانە لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان بەشدارن (ئینتەر لە چامپیۆنزلیگ، فیۆرەنتینا لە کۆنفرانس)، جگە لەوەش یاری جامی ئیتاڵیاو خولی ئیتاڵییان هەیە. هەربۆیە ئەوە یەکلابووەتەوە کە ناتوانن لەم ساڵدا یارییەکە ئەنجام بدەن.
بەگوێرەی گازیتا دیلۆ سپۆرت، ئەگەر هەردوو یانە بگەنە قۆناغی داهاتووی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان، ئەوا یارییەکە دەکەوێتە مانگی دوو، وە لەبەرواری 12ی مانگ یاخود 17ی مانگ بەڕێوەدەچێت.
فیۆرەنتینا و ئینتەر هەمان ژمارەی خاڵیان هەیە لەم وەرزەدا، بەڵام بە جیاوازی گۆڵ ئینتەر لە پلەی سێهەمە و ڤیۆلا لە پلەی چوارەم.