یاریگا –
دوای سەرکەوتنی بەرامبەر گەرمە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا زاخۆ پلەی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقی وەرگرت.
لە کۆتا رۆژی یارییەکانی گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، زاخۆ لە یاریگای خۆی بە ئەنجامی 1 _ 0 لە گەرمەی بردەوە، وێڕای دەرکردنی ناسر محەمەدۆی یەمەنی یاریزانی زاخۆ بە کارتی سوور لە خولەکی 62ـی یارییەکە، مۆیسس ۆلشیک یاریزانی بەرازیلی زاخۆ لە خولەکی 71 گۆڵی سەرکەوتنی بۆ کوڕانی خابوور تۆمار کرد.
تەڵال بلوشی راهێنەری زاخۆ دەربارەی سەرکەوتنەکەیان دوای تەواو بوونی یارییەکە گوتی:
گەرمە تیپێکی باشن و خاوەن راهێنەرێکی بە توانان، سوپاس بۆ یاریزانەکانم کە لە نێو یاریگا پاڵەوانانە جەنگان، ئەمە دووەم یارییە یاریرانمان دەردەکرێت و بە ئەنجامێکی باش دێینە دەرەوە، کۆمەڵێک یاڕیزانمان لە یارییەکە دابڕابوون بەڵام ئەوانیتر شوێنیان گرتنەوە، پیرۆزە لە دەستەی کارگێڕی و هاندەرانی زاخۆ، پێویستە لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ یارییەکەی شوڕتە بکەین و ئەم یارییە لەبیر بکرێت.
ئەحمەد نازم یاریزانی زاخۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە لە سەر ئاستی تیپەکە و سەرکەوتنەکەیان رایگەیاند:
پیرۆزە لە راهێنەر و یاریزانان و هاندەرانمان، ئێمە وەکو یاریزان ئامانجمان پارێزگاریکردن دەبێت لە پلەی یەکەمی ریزبەندی، بەڵێن بە هاندەران دەدەین بەردەوام بین لە سەر سەرکەوتنەکانمان و دڵخۆشیان بکەین.
زاخۆ لە نۆیارییدا 16 خاڵی هەیە و پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە، گەڕی داهاتووش لە یارییەکی بەهێزدا لە بەغدا دەبێتە میوانی شوڕتە.