10 هۆکار؛ هۆکارەکانی خراپبوونی ئەنجامەکانی بارسێلۆنا
یاریگا –
بارسێلۆنا لە دوایین سێ یاریی لالیگا نەیتوانیوە بردنەوە بەدەست بهێنێتب و تەنیا خاڵێکی کۆکردووەتەوە، رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ئێستای بارسێلۆنا بلاوکردووەتەوە، رۆژنامە کەتەلۆنییەکە نووسیویەتی: بارسێلۆنا خەریکە ناتوانێت کاردانەوەی هەبێت و رۆژ بە رۆژ لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەچێت، ئەو تیپەی سێ هەفتە لەمەوبەر هەمووان ستایشیان دەکرد، ئێستا کەس نازانێت چی بەسەر هاتووە، 21 رۆژە هانزی فلیک و یاریزانەکانی لە لالیگا کلیلی سەرکەوتنیان ونکردووە. رۆژنامەی سپۆرت 10 هۆکاری بۆ خراپبوونی ئاستی بارسێلۆنا داناوە.
یەکەم: بارسێلۆنا دوای هەفتە لەبیر نەکراوەکەی و بردنەوەی لە بایرن میونشن و ریال مەدرید و تۆمارکردنی 8 گۆڵ بەرامبەر ئەو دوو یانەیە تووشی لەخۆبایی بوون بووە، دوای ئەو دوو یارییە کوڕانی هانزی فلیک تامەزرۆیی و گڕوتینیان بۆ یارییەکان لەدەست دا و وایان هەستکرد هەموو نازناوەکان دەبەنەوە.
دووەم: تەڵەی ئۆفسایدی هانزی فلیک ئاشکرابوو، تەنیا لە یاریی کلاسیکۆ 12 جار ئۆفساید لەسەر یاریزانەکانی بارسێلۆنا هەژمارکرا، بەڵام بەمدواییانە ئەم پلانەی هانزی فلیک لەلایەن رکابەرەکانییەوە ئاشکرابوو، ریال سۆسیداد و سێلتاڤیگۆ توانیان کۆدەکانی تەڵەی ئۆفسایدی فلیک ئاشکرا بکەن.
سێیەم: فلیک سیستەمی بەنۆرە لە نێوان یاریزانەکانی پەیڕەو ناکات، بەڵکو لە سەرەتای وەرزەوە پشت بە 11 یاریزان دەبەستێت، پشووی بە بەشێک لە یاریزانەکانی نەداوە، بۆ نموونە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی شەکەت و ماندوو بووە و پشووی پێنەدراوە.
چوارەم: ناوبژیوانەکان لە هەندێک یاری بە بڕیارەکانیان زوڵم لە بارسێلۆنا دەکەن، لە یاریی بەرامبەر لاس پالماس پاو کوبارسی داوای لێدانی سزای دەکرد و ناوبژیوان پێناڵتی بۆ هەژمار نەکرد.
پێنجەم: بارسێلۆنا تەنیا پشت بە لامین یامال دەبەستێت، ئەو هێرشبەرە ئیسپانییە لەم وەرزەی لالیگا لە چوار یاری سەرەکی نەبووە، بلاوگرانا لە هیچیان نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. بەهۆی ئامادە نەبوونی یامال لە سێ هەفتەی رابردوو کاریگەری خراپی لەسەر ئاستی ژوول کۆندێ و رافینیا و لیڤاندۆڤسکی هەبوو.
شەشەم: بارسێلۆنا کۆنتڕۆڵی هزری لەم یارییانەی دواییدا لەدەست داوە، بەهۆی بەشداریکردنی یاریزانە لاوەکان، تیپەکە هاوسەنگی خۆی لەدەست داوە و کۆنتڕۆڵی هزری نەماوە.
حەفتەم: بارسێلۆنا یاریزانی یەدەکی باشی نییە، بەهۆی نەبوونی یەدەکی باش، فلیک کاتی پێویستی بە یاریزانە پێکراوەکانی نەداوە و هەرزوو پشتی پێیان دەبەستێت، فێرمین لۆپێز و فرەنکی دی یۆنگ کاتی پێویستیان پێنەدرا بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ئاستی خۆیان.
هەشتەم: هاوڕێیەکی کاسادۆ پێویستە، بەڵام تاوەکو ئێستا فلیک نازانێت لە نێوان گاڤی و دی یۆنگ پشت بە کامیان ببەستێت بۆ ئەوەی لە پاڵ مارک کاسادۆ ناوەڕاستکاری لاوی بارسێلۆنا یاریی بکات، کە کاسادۆ بە ئاستە بەرزەکەی هەمووانی سەرسام کردووە.
نۆیەم: گەرچی ئینیاکی پینیا دوای ئەوەی شوێنی مارک ئاندرێ تێرشتیگنی گرتەوە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، بەڵام لە یارییەکانی ئەمدواییە ئاستی دابەزیوە و گۆڵپارێزی بارسا بووەتە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی یانەکە.
دەیەم: بارسێلۆنا هەمیشە لە مانگی نۆڤێمبەر کێشەی هەیە و ئەنجامەکانی لە ئاستی پێویستدا نین، بلاوگرانا لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر شەش خاڵ لەپێشەوەی ریال مەدرید بوو، بەڵام لەم مانگەدا ئەنجامەکانی خراپ بوون و لە سێ یاری تەنیا خاڵێکی بەدەستهێنا.