ئەمجەد عەتوان بۆ یاریی ئەمشەو بەرامبەر گەرمە ئامادە دەبێت؟
یاریگا –
ئەمجەد عەتوان بەهۆی پێکانەوە لە یاریی مینا ئامادە نەبوو، بەڵام بۆ یاریی ئەمشەو بەرامبەر گەرمە ئامادەیە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئەمجەد عەتوان ناوەڕاستکاری یانەی زاخۆ لە یاریی رابردووی یانەکەی لە گەڕی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر مینا پێکانێکی سووکی هەبوو، بۆیە تەڵال بلوشی راهێنەری زاخۆ نەیدەویست سەرکێشی پێبکات و یاریی پێنەکرد.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، ئەمجەد عەتوان بەبێ هیچ کێشەیەک بۆ یاریی ئەمشەو بەرامبەر گەرمە ئامادە دەبێت و لە پێکهاتەی سەرەکی دەبێت، کە ئەمشەو کاتژمێر 19:30 لە گەڕی نۆیەمی خولەکە میوانداریی گەرمە دەکات.
زاخۆ لە یاریی رابردووی بەبێ ناوەڕاستکارەکەی هەڵبژاردەی عێراق بەبێ گۆڵ لەگەڵ مینای میوانداریی یەکسان بوو، کە زاخۆ بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.
ئەمجەد عەتوان لەم وەرزە بە تۆمارکردنی 7 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە، لە 7 یاری 7 گۆڵ و 3 ئەسیستی کردووە و بەشداریی 10 گۆڵی کردووە، لە سێ یاری بە باشترین یاریزانی یارییەکان دەستنیشانکراوە.