یاریگا –
پێپ گواردیۆلا دوای زنجیرەیەک ئەنجامی نەرێنی هێشتا دادکۆکی لە یانەکەی دەکات و وەک باشترین تیم دەیبینێت لە ماوەیەی دەیەی رابردوودا.
سیتی لە کۆتا شەش یاری خۆیدا تامی بردنەوەی نەکردووە کە ئەوەش خراپترین ئامارە لە مێژووی کاروانی راهێنەرە ئیسپانیەکەدا.
لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی پێش یاریی داهاتوویان بەرامبەر لیڤەرپوول، کە ئەم وەرزە بە راهێنەرایەتی ئارنە سڵۆت پێشەنگی سەرجەم خول و پاڵەوانێتیەکانن تێیدا بەشدارن، پێپ داکۆکی لە سیتی کرد و شانازیی بە تایبەتمەندێتیەوە کرد کە بەردەوامییبوون بوو لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو، وتی
کام تیمی جیهان هەیە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا ئاوا بەردەوامیی هەبووبێت؟ تیمی وا هەر بوونی نییە. نە لە ئێن بی ئەی، نە لە تێنس و نە لە گۆڵفیش. لە دەیەی رابردووەوە تا ئێستا، تیمی بەرودەوامی وەک ئێمە بوونی نییە و نایدۆزیتەوە.
لەبارەی گۆڕانکاری بنەرەتی لە ریزەکانی مان سیتیدا، گواردیۆلا پشتگیری بژاردەکانی ئێستای کرد و ئەوەی وەک پاڵپشت بۆ قسەکەی هێنایەوە کە هەر هەمان یاریزانان بوونە لە رابردوودا دەستکەوتیان هەبووە و گەشتوونەتە قۆناخە یەکلاکەرەوەکان و وتی
گۆڕینی تەواوی تیمەکە؟ بە هەموو شێوەیەک هاوڕا نیم. هەر سێ مانگ پێش ئێستا بوو پرێمەرلیگمان بردەوە، گەشتینە فیناڵی جامی یەکێتی ئینگلتەرا تا چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگیش رۆشتین و ریاڵ مەدرید لێیبردینەوە. ئێستاش هەر هەمان تیمە.
ئەو ئەنجاما خراپانەی سیتی راستەوخۆ دوای نوێکردنەوەی گرێبەستی راهێنەرەکەیان هات کە رێککەوتن تا 2027 پێکەوە بەردەوامبن.
ئەو یانەیە لەکاتێکا رووبەرووی لیڤەر دەبێتەوە لە ئانفیڵد، جیاوازییان لەگەڵ رێدزی پێشەنگ 8 خاڵە و لە باری تۆمارکردنی هەر ئەنجامێکی نەرێنی، بوار بە رکابەرەکەیان دەدەن زیاتر و زیاتر پلەی یەکەمی قاییمتر بکەن.