یاریگا –
فیفا لەبارەی هۆکاری بەربژێرکرانی هەر 10 یاریزانەکەی خەڵاتی زەبێستی 2024 روونکردنەوەی بڵاوکردووەتەوە، کە بەربژێرکرانی لیۆنێل مێسی زۆرترین مشتومڕی لەبارەوە دەکرێت.
فیفا لە ماڵپەڕێ فەرمی خۆی لەبارەی دەستنیشانکرانی مێسی نووسیویەتی :’ئەگەرچی مێسی تەمەنی گەیشتووەتە 37 ساڵ، بەڵام هێشتا لە پیشاندانی ئاستێکی بەرز لەگەڵ ئینتەر مەیامی و ئەرجەنتین بەردەوامە، کاریگەرییەکی خەیاڵی لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی هەیە’.
هەروەها نووسیویەتی :’ساڵی رابردوو لەگەڵ ئینتەر مەیامی نازناوی جامی خولی ئەمریکی بەدەستهێنا، لەگەڵ یانەکەشی ریکۆردی لە بەدەستهێنانی زۆرترین خاڵ لە MLS شکاند و جامی قەڵخانی هاندەرانی 2024ـی بەدەستهێنا’.
یفا راشیگەیاندووە :’هەروەها مێسی لەگەڵ ئەرجەنتین جامی کۆپا ئەمریکای بەدەستهێنا و ناوی لە باشترین پێکهاتەی پاڵەوانێتییەکەدا بوو، بە تۆمارکردنی 6 گۆڵ وەکو گۆڵکاری پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2024 کۆتایی بە ئەمساڵ هێنا’.
بەگوێرەی دەستکەوت و ئاستیان لە ماوەی 23/08/2023 تاوەکو رۆژی 10/08/2024 فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان 10 یاریزانی بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان لەسەر ئاستی پیاوان بەربژێر کردووە، کە راهێنەران، کاپتنەکان، رۆژنامەنووسان و هاندەران دەتوانن دەنگیان پێبدەن، رۆژی 10ـی مانگی داهاتوو ماوەی دەنگدان کۆتایی دێت.