یاریگا –
راهێنەرە قەتەڕیەکەی قوە جەوییە باسی گرنگی یارییەکەی بەرامبەر ئالتین ئەسیر دەکات و دەڵێت دواهەلە بۆ ئێمە.
چوارشەممە ( 27ـی نۆڤێمبەری 2024 ) لە گەڕی پێنجەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا2 قوە جەوییە لە تورکمانستان کاتژمێر 5ـی ئێوارە رووبەرووی ئاڵتین ئەسیری ئەو وڵاتە دەبێتەوە.
وسام رزق راهێنەری قوە جەوییە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەربارەی گرنگی یارییەکە و ئامادەکاری تیپەکەی گوتی:
یارییەکە یەکلا کەرەوە سەبارەت بە ئێمە بۆ ئەوەی بگەینە قۆناخی داهاتوو دەبێ سەرکەوین، هەموومان ئامادەین و دەمانەوێ بە سێ خاڵی یارییەکە بگەڕێینەوە بەغدا، سەرکەوتنمان لەم یارییە هەلی زیاترمان پێدەدات بۆ ئەوەی بگەینە قۆناخی 16ـەی خولەکە.
ئەحمەد ئیسیا یاریزانی هێرشبەری نەیجیری قوە جەوییە کە لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە ئامادەبوو سەبارەت بە یارییەکە گوتی:
ئامادەین بۆ سەرکەوتن و دەمانەوێت جارێکی تر بگەڕێینەوە کێبڕکێی سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16، سەرکەوتنمان لە دوو یاریی داهاتوو واتا گەیشتنمانە بە قۆناغی دواتر بەبێ ئاوڕدانەوە لە ئەنجامی هیچ یارییەک، هاندەرانمان دڵخۆش دەکەین بە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە.
لە گڕوپی دووەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا2 قوە جەوییە لە چوار یاریی شەش خاڵی هەیە و لە ریزبەندی سێیەم دێت، هەر یەک لە تەعاونی سعودی و خالدیەی بەحرێنی بە نۆ خاڵ لە ریزبەندی یەکەم و دووەمی گڕوپەکە دێن و بریاریشە ئەمڕۆ لە سعودیە کاتژمێر 9 رووبەرووی یەکتر ببنەوە.