یاریگا –
هێرشبەرە تونسیەکەی هەولێر دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێت دوای ئەوەی توانی دوو گۆڵ بەرامبەر حدود تۆمار بکات.
لە گەڕی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەولێر لە یاریگای خۆی رووبەرووی حدود بوویەوە، یارییەکەش بە سەرکەوتنی کوڕانی قەڵا و منارە کۆتایی هات بە ئەنجامی 3 _ 1 گۆڵ.
حوسێن کازم، یاریدەدەری راهێنەری هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەربارەی سەرکەوتنەکەیان رایگەیاند:
سەرەڕای نالەباری کەش و هەوا بەڵام ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد، لە گەڕەکانی داهاتوو دەتوانین کێبڕکێ زیاتری پلەکانی پێشەوە بکەین، یارییەکانی داهاتوو دەبێ وریاتر بین و رێز لە هەموو تیپێک دەگرین، دڵخۆشین بە تۆمار کردنی دوو گۆڵ لەلایەن یوسف بن سۆداوە.
دوای تەواو بوونی یارییەکە، یوسف بن سۆدە هێرشبەری تونسی هەولێر کە دوو گۆڵی لە یارییەکە تۆمار کرد و بە باشترین یاریزانی یارییەکەش دەستنیشانکرا گوتی:
دڵخۆشم بە تۆمار کردنی دوو گۆڵەکەم، ئێمە باشتر بووین و ئاستێکی بەرزمان پێشکەش کرد بۆیە شایستەی سەرکەوتن بووین، هیوادارم بەردەوام بین لە سەر پێشکەشکردنی ئەم ئاستە.
بەم سەرکەوتنیە هەولێژ خۆی گەیاندە ریزبەندی پێنجەم بە 14 خاڵ و تا خانەی دووەم هەمان خاڵیان هەیە بەڵام بە جیاوازی گۆڵ هەولێڕ ئەم ریزبەندیەی گرتووە، حدودیش دوای هەشت یاریی هیچ خاڵێکی نیە و لە ریزبەندی 20ـەم کۆتایی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.