یاریگا –
رود ڤان نیستێلڕۆی، یاریدەدەری پێشووی ئێریک تێن هاخ لە مانچێستەر یونایتد، خەریکە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەیەکی پرێمەرلیگ دەگرێتە ئەستۆ.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، لێستەر سیتی لە دوای دوورخستنەوەی ستیڤ کووپەر، لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەی، بەدوای راهێنەرێکدا دەگەڕێت و نیستێلڕۆی، یەکێکە لە بەربژێرەکان.
هەرچەندە لە ئەڵمانیا باس لە نزیکبوونەوەی نیستێلڕۆی لە هامبورگ، بەشدار لە خولی پلەیەکی ئەڵمانیا دەکرێت، بەڵام لە چوارچێوەی گرنگیپێدانی لێستەر سیتی ماوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سکای سپۆرتس بێت، نیستێلڕۆی ئامانجی یەکەمی هامبورگە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆییەکی فەرمی نەکراوە و ئەفسانە هۆڵەندییەکە ئاگاداری گرنگیپێدانەکەی هامبورگە.
جیا لە هامبورگ، چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ و چامپیۆنشیپ لە ئینگلتەرا، چاودێری دۆخی ڤان نیستێلڕۆی دەکەن.