یاریگا –
لیڤەرپوول نیازی نوێکردنەوەی گرێبەستی محەمەد سەڵاحی هەیە، بەڵام چەند ئاستەنگێک لەبەردەم کەیسەکەدا هەن.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، ریچارد هیوز، بەڕێوەبەری وەرزشی لیڤەرپوول و رامی عەباس، بەڕێوەبەری کارەکانی سەڵاح، گفتوگۆیان لەبارەی داهاتووی ئەستێرە میسڕییەکە کردووە.
هەرچەندە سەڵاح لە دوا لێدوانە رۆژنامەوانییەکەیدا رایگەیاند، هیچ ئۆفەرێکی پێشکەش نەکراوە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕەکەی راگەیاندووە، هیوز و عەباس بە زارەکی گفتوگۆیان کردووە، بەڵام هیچ شتێکی فەرمی نووسراو ئاڕاستەی سەڵاح نەکراوە.
هەرچەندە بەر لە هەر ئۆفەرێکی فەرمی، گفتوگۆی چڕ دەکرێت، ئینجا دەرەنجامەکان دەخرێنە سەر ئۆفەرێک و پێشکەش دەکرێن، بەڵام سەڵاح دووپاتیکردبووەوە، هیچ شتێکی لەمشێوەیە رووی نەداوە. لیڤەرپوولیش بابەتەی رەتنەکردووەتەوە، بەڵام پشتڕاستیشی نەکردووەتەوە.
سەڵاح خاوەن بەرزترین مووچەیە لە لیڤەرپوول و هەفتانە بڕی 350 هەزار پاوەند لەگەڵ پاداشتەکان وەردەگرێت، بۆیە بەلای لیڤەرپوولەوە ئاسان نییە، گرێبەستێکی لەمشێوەیە نوێبکاتەوە و دڵی یاریزانەکەش رازی بکات.
لیڤەرپوول دەیەوێت لە چوارچێوەیەکی دارایی گونجاو پارێزگاری لە سەڵاح بکات، جیا لە ئەستێرە میسڕییەکە، لیڤەرپوول بەچڕی کار لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤیرجیڵ ڤان دایک، ئالێکساندەر ئارنۆڵدیش دەکات، چونکە گرێبەستی هەرسێ یاریزانەکە لە هاوینی داهاتوو بەسەر دەچێت و 36 رۆژی دیکە، یاریزانەکان دەتوانن لەگەڵ یانەی دیکە گفتوگۆ بکەن.
لەم وەرزەدا، سەڵاح بەشداری 18 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان کردووە، خاوەنی 12 گۆڵ و 10 ئەسیستە. بە شێوەیەکی بیرکاریی لێکبدرێتەوە، سەڵاح لە هەر 65 خوولەکێکدا، سەڵاح بەشداری لە گۆڵێکی لیڤەرپوول دەکات.