سەڵاح هەموو شتێک لەبارەی داهاتووی لە لیڤەرپوول ئاشکرا دەکات
''هیچ بەدەست من نییە''
یاریگا –
محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی لیڤەرپوول لە کۆتاییدا هەموو شتێک لەبارەی داهاتووی خۆی ئاشکرا دەکات.
سەڵاح، دیارترین یاریزانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگە و یارمەتی تیمەکەیداوە، دوای تێپەڕبوونی 12 گەڕ، لیڤەرپوول پێشەنگی خولەکەیە و هەشت خاڵ لە مانچێستەر سیتی خاوەن پلەی دووەم دوورە.
گرێبەستی ئێستای سەڵاح لە کۆتایی ئەم وەرزە بەسەردەچێت و تاوەکو لە سەری ساڵ نزیکدەبینەوە، گومان لەسەر مانەوەی لە ئانفیڵد دروست دەبێت.
سەڵاح لە کۆی 367 یاریی لەگەڵ لیڤەرپوول، 223 گۆڵی کردووە و دەتوانێت بەر لە کۆتایی ئەمساڵ، گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، ئەگەرنا لە دوای سەری ساڵەوە، دەتوانێت لەگەڵ هەر یانەیەکی دیکە رێکبکەوێت.
سەڵاح لە نوێترین لێدوانیدا دووپاتیدەکاتەوە، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر لە جێهێشتنی لیڤەرپوول نزیکە
خەریکە دەگەینە دیسێمبەر/کانوونی یەکەم و تاوەکو ئێستا لیڤەرپوول هیچ شتێکی پێشکەش نەکردووم. ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر نزیکم لە جێهێشتنی ئەم یانەیە.
چەندین ساڵە لەم یانەیە یاریی دەکەم، هیچ یانەیەک وەکو لیڤەرپوول نیە، بەڵام لە کۆتاییدا بابەتەکەدا بەدەست من نییە، پێشتریش پێم گوتی، لە مانگی دیسێمبەر نزیکدەبینەوە و تاوەکو ئێستا هیچ ئۆفەرێکم پێشکەش نەکراوە.
ئەم هاندەرانەم خۆش دەوێت، هاندەران منیان خۆش دەوێت و بابەتەکە بەدەست من نییە، با چاوەڕێ بین.
ئەستێرە میسڕییەکە لە وەڵامی پرسیاری دواکەوتنی ئۆفەری لیڤەرپوول دەڵێت
بەدڵنیاییەوە نیگەرانم، چونکە پلانی وازهێنانم نییە و دەمەوێت یاریی بکەم، ئێستا سەرنجم لەسەر ئەم وەرزە داناوە و هەوڵ دەدەم پرێمەرلیگ ببەمەوە و هیواخوازم بتوانین چامپیۆنزلیگیش بەدەستبهێنین. دووبارەی دەکەمەوە، نیگەرانم بەڵام چاوەڕێین.
تۆڕی ئاتلێتیک دووپاتیدەکاتەوە، گفتوگۆکانی نێوان لیڤەرپوول و رامی عەباس، بەڕێوەبەری کارەکانی سەڵاح ئەرێنین و تاوەکو ئێستا بەردەوامن.
سەڵاح لەلایەن چەند یانەیکی سعوودییەوە داواکراوە، تەنانەت ساڵی رابردوو، ئیتیحاد ئامادەبوو بڕی 150 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی ئەستێرەکەی ئانفیڵد خەرج بکات. لەسەر ئەم بابەتە سەڵاح دەڵێت
نامەوێت قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەم، چونکە سەرنجی تەواوم لەسەر لیڤەرپوولە. من یاریزانێکی پیشەگەرم و هەمووان دەزانن چۆن کار دەکەم. حەز دەکەم چێژ لە تۆپی پێ وەربگرم و تاوەکو بتوانم لە خولە بەهێزەکان یاریی بکەم.
بردنەوەی شەوی رابردووی لیڤەرپوول بە یارمەتی سەڵاح لە ساوسامتن، گڕی لە هاندەران بەرداوە و هەمووان داوای مانەوەی ئەستێرە میسڕییەکە دەکەن.