یاریگا –
گەنجێکی کورد بە پاڵپشتی ڤیژن ئێجوکەیشن لە سوید ریکۆردێکی کتێبی گینسی شکاند و بووە یەکەم کەس لەسەر ئاستی جیهان بۆ ماوەی 30 چرکە یاریی بە تۆپ بکات و لە هەمان کاتدا 30 ژمارەی جیاواز لەبەر بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە (24ـی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی 2024) بەئامادەبوونی نوێنەری کتێبی گینس لە ستۆکهۆڵم، فەرهاد نەریمان کە یەکێکە لە سوودمەندبووەکانی زەماڵەی خوێندنی ڤیژن ئێجوکەیشن و خەڵکی شاری مەهابادە ریکۆردی لە یاریکردن بە تۆپی پێ بۆ ماوەی 30 چرکە و لەبەرکردنی لایەنی کەم 30 ژمارەی جیاواز شکاند.
فەرهاد نەریمان خاوەن چەندین بەهرەی ناوازەیە، توانی بۆ ماوەی 30 چرکە یاری بە تۆپی پێ بکات و 30 ژمارە لەبەر بکات، دواتر سەرجەم ژمارەکان بەسەرکەوتوویی و یەک لە دوای یەک دووبارە بکاتەوە.
ئەم گەنجە 30 ساڵانە دانیشتووی سویدە و ژیرییەکی تایبەتی هەیە، راپۆرتە پزیشکییەکان سەلماندوویانە دەتوانێت لە یەک کاتدا هەردوولای مێشکی کارپێ بکات. فەرهاد لە دوو زانکۆی وڵاتی سوید درێژە بە خوێندن دەدات، وابڕیارە هاوینی داهاتوو بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بەشی بازرگانی و ئابووری لە زانکۆی ستۆکهۆڵم بەدەست بهێنێت. لە هەمان کاتدا، پاڵێوراوە بۆ خوێندنی بڕوانامەی ماستەر لە سکوڵی ئابووری زانکۆی ستۆکهۆڵم کە یەکێکە لە باشترین سکوڵەکانی ئابووری لە جیهاندا.
دوای تۆمارکردنی ئەم ریکۆردە، سارا سەڵاحەدین موستەفا، بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی ڤیژن ئێجوکەیشن ڕایگەیاند: بەدەستهێنانی ئەم ڕیکۆردە جێگای شانازییە بۆ هەموو گەلی کوردستان، چونکە لەسەر دەستی گەنجێکی کورد تۆمار کراوە و دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە گەنجانی کورد لێهاتوو و بەهرەمەندن، دەتوانن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەستکەوتی مەزن بۆ خۆیان و گەلەکەیان بەدەست بهێنن.
ساڵانە ڤیژن ئێجوکەیشن چەندین پڕۆژە و دەستپێشخەری لە سێکتەری پەروەردەی گشتی و خوێندنی باڵا ئەنجام دەدات و دەرفەتی جۆراوجۆر بۆ قوتابیانی کورد دەڕەخسێنێت، وەک پێدانی هاوکاری و زەماڵەی خوێندن، بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگای زانست و تواناکانیانەوە خزمەت بە داهاتووی کوردستان بگەیەنن.