یاریگا –
یانەی ریاڵ مەدرید شوێنگرەوەی کارلۆ ئانچێلۆتی دیاریکردووە و پێشتر لەو بارەیەوە ئاگەداریانکردووەتەوە بۆ هەر پێشهاتێکی کتوپڕ.
یانە شاهانەکە پێچەوانەی وەرزی رابردوو، ئەم وەرزە سەرەرای هێنانی کیلیان ئێمباپێ بەڵام زۆر بە خراپی دەرکەوتوون لە یارییەکانی لالیگا و چامیۆنزلیگیش، ئەوە جگە لە شکستە قورسەکەیان 0-4 لەنێو یاریگای خۆیان لەسەردەستی بارسێلۆنای رکابەری هەمیشەییان کە هێندەیتر برینەکانی راهێنەرە ئیتاڵیەکەی قوڵترکردەوە.
ئەگەرچی لە ماوەی رابردوودا چابی ئالۆنسۆ وەک جێگرەوەیەکی نموونەیی دەبینرا بۆ پۆستەکە، بەڵام ئالفرێدۆ ماتیلای رۆژنامەنووس لە رێلیڤۆی ئیسپانی زانیاری نوێی خستووەتەڕوو سەبارەت بە شوێنگرە چاوەڕوانکراوەکەی ئانچێلۆتی لە ناوەڕاستی ئەم وەرزە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەنووسە، ریاڵ لە شکستەکەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئەیسی میلان 1-3، سانتیاگۆ سۆلاری ئەرجەنتینی و یاریزانی پێشووی یانەکەیان ئاگەدارکردووەتەوە بۆ ئەو مەبەستە.
ئالفرێدۆ ئەوەشی ئاشکراکردووە کە ئەگەر ئانچێلۆتی یارییەکەی بەرامبەر ئۆساسانۆی دوو هەفتە بەر لە ئێستا بدۆڕاندبا، ئەوا هەر لەو رۆژەدا لە پۆستەکەی لادەبردرا.
سۆلاری بۆ یانە شاهانەکە نامۆ نییە. ئەو وەک یاریزان 2000-2005 درێسی مێرەنگی پۆشیوە و، وەک راهێنەریش لە ساڵی 2018 لە شوێنی جولیان لۆپیتیگی بەشێوەی کاتی سەرپەرشی یانەکەی کردووە.
ئەو رۆژنامەنووسە زانیوشیەتی هێنانەوەی سۆلاری بۆ چارەسەرێکی خێرا و کاتییە و لە ناوەڕاستی وەرزەکەوە تا کۆتایی وەرزەکە ئەرکەکە وەردەگرێت.