یاریگا –
ریال مەدرید لە لالیگا تووڕەیە و داوایەکی فەرمی ئاڕاستەی کۆمەڵەکە کردووە.
تۆڕی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، خۆسێ ئانخێل سانچێز، بەڕێوەبەری گشتی ریال مەدرید، داوایەکی فەرمی ئاڕاستەی لالیگا کردووە و داوای دەستبەجێ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی تەرخانکراو بۆ لالیگای خانمان دەکات.
پێشتر لالیگا پاکێجێکی پێنج ساڵەی بەبڕی 40 ملیۆن یۆرۆ بۆ هاوکاریکردنی لالیگای خانمان تەرخانکردبوو و ئێستا لە ساڵی سێیەمدایە. پێشتر یانەکان بەبڕی شەش ملیۆن یۆرۆ بەشداری هاوکارییەکانیان کردبوو، بەڵام بۆ دوو ساڵی کۆتایی پاکێجەکە، داوا لەیانەکان کراوە، هاوکارییەکانیان بۆ هەشت تاوەکو 10 ملیۆن یۆرۆ زیاد بکەن.
خەرجییەکانی تۆپی پێی خانمان لە قازانجی یانەکانی لالیگا و خولی پلەیەک دەگێڕدرێتەوە، هەرچەندە تەنیا 13 یانەی هەردوو خولەکە بەشداری لالیگای خانمان دەکەن.
بەگشتی لالیگای خانمان پشتی بە چەند گرێبەستێکی گواستنەوەی یارییەکان لە تۆڕی دازن بەبڕی 20 ملیۆن یۆرۆ بەستووە، هەروەها ساڵانە بەبڕی 19.5 ملیۆن یۆرۆ لەلایەن وەزارەتی وەرزشی ئیسپانیا هاوکاری دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی رێلێڤۆ بێت، بەڕێوەبەری گشتی ریال مەدرید لە کۆبوونەوەیەکدا بە خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگای گووتوە، پارەکە زۆرە و دەبێ کەمبکرێتەوە.
ریال مەدرید کێشەیەکی کۆنی لەگەڵ لالیگای خانمان هەیە، چونکە هاوشێوەی یانە گەورەکانی ئەوروپا زوو دەستی بە وەبەرهێنان لە تۆپی پێی خانماندا نەکرد، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی لە پەیداکردنی وەبەرهێن و راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران بۆ یانەکە.
ریال مەدرید لە ساڵی 2019 تیمی خانمانی دامەزراند، کاتێک یانەی خانمانی تاکونی کڕییوە و ناوەکەی کردە، ریال مەدرید بۆ خانمان.
دوای سەرکەوتنی مۆندیالی خانمانی 2023، ئێستا سەرنجێکی زۆر لەسەر تۆپی پێی خانمان هەیە و کەمکردنەوەی پاڵپشتی یانەکان، کاریگەری لەسەر پێشڤەچوونەکانی تۆپی پێی خانمانی ئیسپانیا دەبێت.