یاریگا –
جۆرج ماس، خاوەنی یانەی ئینتەرمەیامی ئاشکرای کرد کە بۆ هەڵبژاردنی راهێنەری نوێ. لەگەڵ لیۆنێل مێسی قسەی کردووە.
دوای ئەوەی تاتا مارتینۆ نەیتوانی پاڵەوانێتی خولی تۆپی پێی ئەمریکی بۆ ئینتەر مەیامی بەدەستبهێنێت، بڕیاریدا دەستلەکارکێشانەوەی لە سەرکردایەتی ئەم تیپە بە هۆکارێک کە بە شەخسی ناوی بردووە پێشکەش بکات، ئەم هەواڵەش دوێنێ بە فەرمی لەلایەن ئەم یانەیەوە راگەیەندرا.
لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەسەر هەڵبژاردنی راهێنەری نوێی ئەم تیپە بڵاوبووەتەوە و دەگوترێت خاڤیێر ماسکیرانۆ هاوڕێی پێشووی مێسی لە بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بڕیارە بە فەرمی سەرکردایەتی ئەم تیپە بگرێتە ئەستۆ، ئێستاش ماس پشتڕاستی کردەوە کە لەگەڵ مێسی قسەی کردووە تاوەکوو راهێنەرێکی نوێ هەڵبژێرێت.
ماس لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی:
رۆژی شەممە دوای ئەوەی مێسی و تاتا قسەیان لەگەڵ یەکتر کرد، منیش لەگەڵ لیۆ قسەم لەسەر ئەو بابەتە کرد. پرسیارم لێکرد کە چی بۆ ئەو گرنگە و گرنگترین شت چییە بۆ ئەوەی یاریزانەکانمان باشترین ئاست بەدەستبهێنین. چۆن بتوانین پێشبکەوین؟ لیۆ بیروڕاکانی خۆی لەگەڵ مندا باس کرد، کە هیچ جیاوازییەکیان نەبوو لەگەڵ ئەوەی من بیرم لێدەکردەوە. بێ گومان ناسینی مێسی و ئەستێرەکانی ترمان دەتوانێت خاڵێکی ئەرێنی بێت لە هەموو رووەکاندا.
سەرۆکەکەی ئینتەرمەیامی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:
من پێم خۆشە کە مێسی هەست بە ئاسوودەیی بکات لەگەڵ راهێنەر و ستافی تەکنیکی. ئەمە پرسێکی گرنگە بۆ هەموومان. لیۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی دامەوە کە لێم کرد، بەڵام ناتوانم ناوەکە ئاشکرا بکەم.
تاتا مارتینۆ ساڵی رابردووە وەک راهێنەری ئینتەر مەیامی دەست نیشان کرا و لە 67 یارییدا سەرکردایەتی تیپە ئەمریکییەکەی کرد و دواجار دوێنی لەدوای بەدەستنەهێنانی ئەنجامی پێویستی دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.