لە دەرەوەی پرێمەرلیگەوە بەخواستن کیێزایان دەوێ
یاریگا –
فێدێریکۆ کیێزا کە لە دوایین ساتەکانی بازاڕی هاوینەدا لە یوڤێنتۆسەوە گواسترایەوە لیڤەرپوول، تا ئێستا تەنها 78 خولەک بەشداریی پێکراوە. ماوەیەکیشە پێکان بەرۆکی گرتووە و لە پێکهاتەکەی ئارنە سڵۆتدا نابینرێت.
تیمەکەی سڵۆت کە ئێستا لە هەموو خول و پاڵەوانێتیەکان پێشەنگن، پێناچێ بە ئاسانی جێگەی سەرەکییبوونی ئەستێرە ئیتاڵیەکەی تێدابێتەوە، هەر بۆیە بیرۆکە هەیە بەخواستن بنێردرێتەدەرەوە و خودی یاریزانەکەش رەنگە خواستی لەسەر ئەو بیرۆکەیە هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی راستەقینەی.
بەگوێرەی رۆژنامەی توتۆپۆرتی ئیتاڵی، لە سێریائەی یانەکانی ئینتەر میلان، ئەیسی میلان و رۆما کێبڕکێیان دەستپێکردووە ئەم زستانە کیێزا ببەنە ریزەکانیانەوە بەڵام بەشێوەی خواستن و تەنها بۆ 6 مانگ.
یاریزانە 27 ساڵانەکە لە هەردوو پێگەی باڵی چەپ و هێرشبەریی دەتوانێ یاریی بکات. لەم وەرزە لەگەڵ رێدز لە سەرجەم پاڵەوانێتیە جیاوازەکان تەنها لە 3 یاریدا بەشداریپێکراوە و خاوەنی ئەسێستێکە ئەویش لە کاپیتاڵ وەن تۆماریکرد.