یاریگا –
باوکی بارین دوایین زانیاری لەبارەی چارەسەرکردنی کوڕەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێت ‘تاوەکو ئێستا زیاتر لە 65 ملیۆن دینار بۆ چارەسەرکردنی بارین کۆکراوەتەوە’.
یاسین پشتیوان، باوکی بارین لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا لەبارەی نوێترین زانیاری لەبارەی چارەسەرکردنی بارین دەڵێت :’تاوەکو ئێستا زیاتر لە 65 ملیۆن دینار بۆ چارەسەرکردنی بارین کۆبووەتەوە، لەگەڵ سێ نەخۆشخانەی هیندستان و ئەڵمانیا و ئەمریکا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ یەکێک لە نەخۆشخانەکان رێک بکەوین و بارین ببەینە ئەوێ بۆ ئەوەی چارەسەری بکەن’.
باوکی بارین دەشڵێت :’سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم بۆ چارەسەرکردنی بارین هاوخەممان بوون و هاوکارییان کردین، نازانین بەدیاریکراوی تا ئێستا تێچووی چارەسەرکردنی بارین چەند دەبێت، بەڵام لەگەڵ چەند نەخۆشخانەیەکی وڵاتانی دەرەوە لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی چارەسەری بارین بکرێت’.
بارین یاسین منداڵێکی 7 ساڵانە، نەخۆشیی بەریشاڵبوونی سییەکانی هەیە، زیاتر لە 3 ساڵە هاندەری یانەی نەورۆز و لەناو یاریگاوە هانی یانەکەی دەدات، بارین لەبەر نەخۆشییەکەی نابێت ئۆکسجینی لێ بکرێتەوە و بە بوتڵی ئۆکسجینەوە دەچێتە یاریگاکان.