یاریگا –
یانەی رانیە رووبەڕووی یانەی شێروانە نابێتەوە و سوورپۆشەکان بە دۆڕاو هەژمار دەکرێن.
بڕیاربوو ئەمڕۆ کاتژمێر 14:00 بەکاتی هەولێر لە یارییەکانی گەڕی سێیەمی خولی نایابی کوردستان، رانیە لە یاریگای سەنگەسەر میوانداری شێروانە بکات. بەڵام یاریزانانی یانەی رانیە بەهۆی وەرنەگرتنی شایستەکانی دارایی، ئامادەی یارییەکە نابن، بەو هۆیە سێ خاڵی یارییەکە بە شێروانە دەدرێت.
درەنگانی شەوی رابردوو بەرپرسانی یانەی رانیە کۆبوونەوە، بڕیاریاندا تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی نۆڤێمبەر، چاوەڕوانی هاوکاری یاخود بەڵێنی بەرپرسان بن بۆ ئەوەی یارییەکەی بەرامبەر شێروانە ئامادەبن، بە پێچەوانەوە یاریزانەکان ئامادە نابن یاریی بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، جیا لە بەشدارینەکردن لە یارییەکەی ئەمڕۆ، ئەگەر بەرپرسان بەدەم داواکانی یانەکە نەچن ئەگەری هەیە رانیە بریاری کشانەوە لە خولی نایابی کوردستان بدات.
تاوەکو ئێستا دەستەی راهێنەران و یاریزانانی رانیە 44 رۆژە هیچ مووچەیەک و شایستەیەکی داراییان وەرنەگرتووە، جگە لەوەش 90 ملیۆنی وەرزی رابردووش قەرزارە، سێ رۆژە یاریزانانی تیپەکەش بایکۆتی مەشق و راهێنانەکانیان کردووە.