یاریگا –
شەوی رابردوو لە یارییەکانی گەڕی شەشەمی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا، ئیسڕائیل میوانداری بەلجیکای کرد و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر بردەوە.
لە گێمی یەکەمی یارییەکە و لە خولەکی 37، لیۆناردۆ ترۆساردی بەلجیکی و ئەستێرەی یانەی ئارسیناڵ تووشی پێکان بوو، بەو هۆیە یاریگای جێهێشت و یۆهان باکایۆکۆ لەشوێنیی چووە یاریگا.
تاوەکو ئێستا ماوەی دوورکەوتنەوەی ترۆسارد دیاریی نەکراوە، بەڵام بەگوێرەی پێکانەکەی ئەستەمە بتوانێت لە یاریی داهاتووی یانەکەی بەرامبەر نۆتینگهام فۆرێست لە یارییەکانی گەڕی دوازدەی پرێمەرلیگ بەشداری بکات.
پێکانی ئەستێرە بەلجیکییەکە گورزێکی دیکەی کوشندەیە بەر ئارسیناڵ دەکەوێت، بەگوێرەی ئەوەی بوکایۆ ساکا و دێکلان رایس بەهۆی پێکان لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگڵتەڕا بەشداری دوو یاریی رابردووی هەڵبژاردەکەیان نەکرد و وادەی گەڕانەوەیان بۆ یاریکردن دیاری نەکراوە.
جیا لەوانیش هەریەکە لە یاریزانان بێن وایت، ریکاردۆ کالافیۆری و تاکێهیرۆ تۆمیاسۆش بەهۆی پێکانی درێژخایەن لە دوورکەوتوونەتەوە و میکێل ئارتێتا لە یارییەکانی داهاتوو لە تواناکانیان بێبەش دەبێت.