یاریگا –
یاریزانانی ناسڕیە بە هۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیان بایکۆتی مەشقی یانەکە دەکەن.
دوای یەکسان بوونیان لە گەڕی پێنجەمی خولی نایابی عێراق بەرامبەر حوسێن کە دواهەمین یانەی ریزبەندی خولەکەیە، یاریزانانی ناسڕیە بریاریانداوە بەشداری مەشقەکانی یانەکە نەکەن و بایکۆت رابگەیەنن.
سەرچاوەیەک لە یانەی ناسریە بە تۆڕی وەرزشی یاریگا ی راگەیاند کە دەستەی راهێنەران و یاریزانانی تیپەکە ماوەی 87 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، بۆیە دوای تەواو بوونی یارییەکەی ئەمڕۆ بریاریانداوە بەشداری مەشق و راهێنانەکانی تیپەکە نەکەن تاوەکو مووچە و شایستەی دوو مانگیان پێنەدرێت.
بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق، ناسریە 10 یاریزانی کوردی بردۆتە ریزەکانی، دوای دەستلەکار کێشانەوەی سائیر جەسامی راهێنەریش رەوەند عەبدولخالق ئەرکی سەرپەرشتی تیپەکەی وەرگرتووە و لە دوو یارییدا چوار خاڵی بە دەستهێناوە و لە ریزبەندی شەشەمی خولەکە دێت.