یاریگا –
رۆناڵدۆی دیاردە و گواردیۆلا رێکەوتنێکی نهێنییان کردووە و دەیانەوێت هەڵبژاردەی بەڕازیل بگەڕێننەوە لوتکە.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، رۆناڵدۆ نازاریۆ دالیما هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەی بەڕازیل دەیەوێت خۆی بۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیل هەڵبژێرێت و شوێنی رۆدریگێز سەرۆکی ئێستای فیدراسیۆنەکە بگرێتەوە، کە مانگی مارسی 2026 ویلایەتی کۆتایی دێت.
سپۆرت راشیگەیاندووە، رۆناڵدۆی دیاردە ژێربەژێر لەگەڵ پیپ گواردیۆلا راهێنەری مانچێستەر سیتی لەگفتوگۆدایە بۆ ئەوەی کاتێک پۆستی سەرۆکای فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیلی وەرگرت، راهێنەرە ئیسپانییەکە بکاتە راهێنەری سێلیساو.
رۆناڵدۆ و گواردیۆلا لە وەرزی 1996/1997 بەیەکەوە لە بارسێلۆنا یارییان کردووە و سێ نازناویان بەدەستهێناوە، گەرچی تاوەکو ئێستا گواردیۆلا وەڵامی کۆتایی رۆناڵدۆی نەداوەتەوە، بەڵام پێشتر راهێنەرە ئیسپانییەکە ویستی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەیەک درکاندووە.
گواردیۆلا هاوینی 2025 گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستاش گرێبەستەکەی لەگەڵ سیتیزنس نوێ نەکردووەتەوە، رۆناڵدۆش خاوەنی بەشێک لە پشکەکانی یانەی ریال ڤایادۆلیدی ئیسپانییە و بەنیازە پشکەکانی بفرۆشێت و خۆی بۆ تۆپی پێی وڵاتەکەی یەکلا بکاتەوە.
دۆریڤال جونیۆر (62 ساڵان) ئیستا راهێنەرایەتی بەڕازیل دەکات و 13 یارییە ئەرکی راهێنەرایەتی سێلیساوی گرتووەتە ئەستۆ، 6 بردنەوە و 5 یەکسان و 2 دۆڕانی لەگەڵ ساماکارانی سامبا بەدەستهێناوە.