فلۆرێنتینۆ پێرێز بە ‘نەخێر’ وەڵامی 100 پەیوەندی تەلەفۆنی داوەتەوە
لەبارەی پێشنیازی گواستنەوەی چەند بەرگریکارێک
یاریگا –
فلۆرێنتینۆ پێرێز بە ‘نەخێر’ وەڵامی 100 پەیوەندی تەلەفۆنی بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانانی داوەتەوە، کە لەبارەی کێشەکانی هێلی بەرگری پێشنیازی جیاوازییان بۆ کردووە.
چەند بەرگریکارێکی دیار لەم چەند رۆژە دوای پێکانی میلیتاو خۆیان پێشکەشی ریال مەدرید کردووە و یانە ئیسپانییەکە بە ‘نەرێنی’ وەڵامی داونەتەوە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، جۆناتان تاهـ بەرگریکاری بایەر لیڤەرکوزنی ئەڵمانی خۆی پێشکەشی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کردووە، بەڵام یانە ئیسپانییەکە لەم کاتەدا بیر لە گواستنەوەی بەرگریکارە ئەڵمانییەکە ناکاتەوە و جۆناتانی رەتکردووەتەوە.
مارکا راشیگەیاندووە، لەم چەند رۆژەدا زیاتر لە 100 بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانان پەیوەندییان بە فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کردووە، پێشنیازییان بۆ گواستنەوەی بەرگریکاری جیا جیا کردووە، بۆ ئەوەی بۆشایی هێلی بەرگری پڕبکاتەوە، کە بەهۆی پێکانی چەند بەرگریکارێکی، کارلۆ ئەنچیلۆتی داوای گواستنەوەی بەرگریکاری کردووە.
میدیاکانی ئیسپانیا و ئەڵمانیا ئاشکرایانکردووە، سێرخیۆ رامۆس و جۆناتان تاهـ لە دیارترین ئەو بەرگریکارانەن لە رێگای بەڕێوەبەری کارەکانیان خۆیان پێشکەشی پێرێز کردووە، بەڵام سەرۆکی یانە مەدریدییەکە رەتیکردوونەتەوە.