رێگاپێدان بە یاریگای دووەمی فڕانسۆ هەریری و شەقڵاوە درا
سبەی شەقڵاوە لە یاریگای خۆی یاریی دەکات
یاریگا –
یاریگای دووەمی فرانسۆ هەریری و یاریگای شەقڵاوە رێگاپێدانیان پێدرا و یارییەکانی خولی نایابی کوردستانیان لێ بەڕێوە دەچێت.
دوای پشکنین لە لایەن لیژنەیەکی تایبەتی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بۆ یاریگای دووەمی فرانسۆ هەریری و یاریگای شەقڵاوە، بریاردرا یارییەکانی داهاتووی هەولێر و شەقڵاوە لە خولی نایابی کوردستان لە یاریگای خۆیان بەڕێوە بچێت.
جەلال سەعید گوتەبێژ و ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند:
دوای ئەوەی چەند یاریگایەکی کوردستان کەمو کوڕی تێدابوو، ئاگادارمان کردنەوە بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوی یاریگاکانیان بە پێچەوانەوە یاریی تێدا بەڕێوە ناچێت، دوای پشکنینی دووبارە ئەمڕۆ یاریگای دووەمی فرانسۆ هەریری و یاریگای شەقڵاوەمان بەسەر کردەوە و هەر دوو یاریگا ئامادەکراوە بۆ یارییکردن و کێشەی تێدا نەماوە، بۆیە بریارماندا یاریی هەردوو یانە بگەڕێتەوە یاریگای خۆیان.
یاریی داهاتووی شەقڵاوە لە گەڕی سێیەمی خولی نایابی کوردستان بەرامبەر زاخۆیە لە یاریگای خۆی یاریی دەکات، هەولێریش لە یاریگای دووەمی فرانسۆ هەریری دووەم میوانداری پێشمەرگەی هەولێر دەکات.