ریال مەدرید دەیەوێت ئێمباپێ ببێتە کریستیانۆ رۆناڵدۆیەکی دیکە نەوەک ئەنێلکا
یاریگا –
ریال مەدرید دەیەوێت ئێمباپێ ببێتە کریستیانۆ رۆناڵدۆیەکی دیکە نەوەک ئەنێلکایەکی دیکە، ئەنچیلۆتی چاوی لەوەیە هێرشبەرە فەڕەنسییەکە ببێتە سەرکردەی یەکەمی تیپەکەی.
تۆڕی وەرزشی رێلیڤۆی ئیسپانی لە راپۆرتێکی تایبەتیدا ئاشکرایکردووە، لەناو یانەی ریال مەدرید بڕوایان وایە ئەوان کیلیان ئێمباپێیان نەهێناوەتە یانەکەیان بۆ ئەوەی وەکو کەرەستەیەکی جوانکاری و شاهانە سەیری بکەن، بەڵکو ئەوان وەکو گرنگترین و باشترین یاریزانی یانەکەیان سەیری دەکەن.
لەناو ماڵی مەدریدییەکان دەیانەوێت ئێمباپێ ببێتە کریستیانۆ رۆناڵدۆیەکی دیکە نەوەک ئەنێلکایەکی دیکە، دەیانەوێت دەستکەوتەکانی هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکە دووبارە بکاتەوە، نەوەک هەمان سیناریۆی هێرشبەرە فەرسنییەکە دووبارە بکاتەوە کە وەرزی 1999/2000 درێسی مێرەنگی دەپۆشی.
رێلیڤۆ ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی ریال مەدرید بڕوایان وایە لەناو ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید کەسێ یەکەم وەکو مەرجەعێک نییە، بۆیە ئاستی یانەکە دابەزیوە، بڕوایان وایە پێویستە تەنیا یەک هەبێت قسە بکات و ئەوانی دیکەش تەنیا گوێێ لێبگرن. لە دوایین یاریی ریال مەدرید بەرامبەر ئۆساسۆنا لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بێژەری ناو یاریگا کاتێک ناوی یاریزانەکانی خوێندەوە ناوی ئێمباپێی وەکو دوایین ناو خوێندەوە، لەکاتێکدا پێشتر ناوی ڤینیسیۆس یان مۆدریچ وەکو دوایین ناو دەخوێنرایەوە، خەریکە بە کردار وەکو سەرکردەی یەکەمی یانەکە مامەڵە لەگەڵ ئێمباپێ دەکرێت.
کارلۆ ئەنچیلۆتی دەیەوێت ئێمباپێ وەکو سەرکردەیەک لەناو یاریگا خۆی بسەلمێنێت، چونکە سەرەڕای دابەزینی ئاستی ئێمباپێ، هێشتا لە ڤالدێبێباس کەس باسی ئێمباپێ ناکات و کەس نییە شان لە شانی بدات.
ئێمباپێ (25 ساڵ) هاوینی رابردوو پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدرید کرد، لە یەکەم وەرزیدا لە 16 یاری 8 گۆڵ و 2 ئەسیستی بە درێسی لۆس بلانکۆس کردووە.