چەند رێکخراوێکی مرۆیی لە نێویاندا ئەمنیتی ئینتەرناشناڵ و هیومان رایتس وۆچ داوا لە یەکێتی تۆپی پێی جیهان دەکەن مافی میوانداریکردنی جامی جیهانی نەدەن بە سعوودیە.
لەو راپۆرتەی دراوەتە فیفا باسی ئەوە کراوە لە سعوودیەش هاوشێوەی قەتەڕ بە هەزاران کرێکار گیان لەدەست دەدەن لە میانەی کارکردن لە جامی جیهانی دا و نابێت رێگە بدەن هەمان هەڵە دووبارە بکرێتەوە.
ستیڤ کۆکبێرن بەرپرسی بەشی مافی کرێکاران لە ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ بۆ ئەتلەتیک لەوباریەوە وتی
هاندەران رووبەرووی جیاکاری رەگەزی دەبنەوە، دانیشتووانی ناوچەکان ناچار بە رۆیشتن دەکرێن، کرێکارە بیانییەکان گیان لەدەست دەدەن. پلانەکەی سعوودیە مەترسیدارە بۆ سەلامەتی کرێکاران. بۆیە پێویستە فیفا مافی میوانداریکردنیان پێنەدات ئەگەر پابەند نەکرێن بە گۆڕانکاری
داوا لە سعوودیە کراوە، رێگە بدات سەندیکایەکی کرێکاران هەبێت بۆ پارێزگاری لە مافەکانیان، وە یاسای کەمترین مووچە بۆ کرێکاری بیانی هەڵبوەشێنێتەوە بەڵام سعوودیە ئامادە نیە ئەو گۆڕانکارییانە بکات.
وابڕیارە، لەو وڵاتەدا 11 یاریگا دروست بکرێن و نۆژەن بکرێنەوە بۆ مۆندیال، هەروەها 200 هەزار ژووری هۆتێل دروست بکرێن و ئەمەش لەژێر یاساکانی ئێستای ئەو وڵاتەدا قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە.
تا ئێستا بەفەرمی فیفا سعوودیەی وەکو میوانداری مۆندیالی 2034 رانەگەیاندووە بەڵام بەهۆی ئەوەی تاکە وڵات بوون کە داواکارییان پێشکەش کردبوو بە نیمچە فەرمی بڕیار وایە پێشکەش بەو وڵاتە بکرێت.