بە فەرمی ناوی کەمپی مەشقەکانی ریال مەدرید دەگۆڕدرێت
یاریگا –
دوای ساڵێک فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید رازی بوو ناوی کەمپی وەرزشی یانەکەیان بە ناوی ئەو بکرێت.
رۆژی 24ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی گشتی نوێنەرانی ریال مەدرید بەڕێوەدەچێت. ئەو ئەنجومەنە بڕیارە گەورە و گرنگەکانی یانەکەی لەدەستە، پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی رێوشوێنەکانی وەک قەرز بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگایەکی بەرفراوان و دانانی سەرۆکی فەخری لەخۆدەگرێت. هەروەها ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە گۆڕینی ناوەکەوە هەیە، وەک ساڵی رابردوو کە زیاتر لە هەزار ئەندامی نوێنەر داوایەیان کرد ناوی ڤالدێبێباس بگؤردرێت بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز.
داواکارییەکە پێشوازییەکی باشی لێکرا بەڵام سەرۆک تەنیا یەک داواکاری هەبوو، ئەویش ویستی خۆی بڕیار لەکاتی گۆڕینی ناوەکە بکات. هەستی بە شانازی دەکرد بەڵام کەمێک لە ژێر فشاریشدا بوو.
پێرێز سەبارەت بەم بڕیارە گوتی:
تەنیا دەمەوێت ئەو کاتەی من بمەوێت ناوەکە بگۆڕن، چونکە هێشتا لەڕووی دەروونییەوە ئامادە نیم ناوم لەسەر دەروازەی کۆمەڵگەی وەرزشی ببینم”. بەم مەرجە دڵخۆش دەبم، هەرچەندە هەرگیز بە دوای ئەم جۆرە ناساندنەدا نەگەڕاوم، بەڵام دەمەوێت بە وریاییەوە ئەوە بکەم.
بیرۆکەی گۆڕینی ناوەکە ماوەیەکی زۆر بوو پلانی بۆ داندرابوو. کاتێک یانەکە زانی کە ئەو پرسە لەنێو هاندەران و سۆشیال میدیادا گرنگە، لە 5ی ئابی 2023، داواکارییەکە لە خودی نوێنەرانەوە هات و دەستەی کارگێڕی نەیتوانی رێگری لێبکات و دواجار فلۆرێنتینۆ داوای کرد لە داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئیسپانیا، ئێستا کۆمپلێکسی وەرزشی ریال ڤاڵدیباس لەلایەن هۆڵی شارەوانی مەدریدەوە بە فەرمی گۆڕدراوە بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز، ئێستاش ناوی کەمپی یانەکە بۆ ناوی سەرۆکی یانەکە گۆڕدراوە. بێگومان ئەم گۆڕانکارییە هێشتا لە ماڵپەڕ و پەیجە کۆمەڵایەتییەکانی یانەکەدا دیار نییە. ئاس نووسیویەتی بەم زووانە ناوی کەمپی ریال لە لاپەڕەکانی یانەکەدا دەستکاری دەکرێت. ئەم کەمپە نوێیە کە 10 هێندەی کەمپی پێشووی ریال گەورەترە، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی پێرێزدا دروستکراوە.