یاریگا –
ئێمباپێ بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی نێرگەلە هاندەرانی ریال مەدریدی تووڕە کردووە، ئەم وێنەیەی هێرشبەرە فەڕەنسییەکە بە بێڕێزی لێکدەدەنەوە.
دوای ئەوەی کیلیان ئێمباپێ وێنەیەکی خۆی و ئەشرەف حەکیمی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە، کاتێک یاریی پلەیستەیشن دەکەن لە باگراوەندییان وێنەی نێرگەلەیەکی بچووک دەرکەوتووە، ئەم وێنەیەی هاندەرانی ریال مەدریدی تووڕە کردووە و بووەتە قسەوباسی میدیاکانی ئیسپانیا.
تۆڕی وەرزشی eldesmarqueـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئێمباپێ بە بڵاوکردنەوەی وێنەکەی هاندەرانی ریال مەدریدی تووڕە کردووە، هاندەرەکانی ریال مەدرید بڕوایان وایە ئەوە بێڕێزییە بەرامبەر خۆی و یانەکەیان.
هاندەرێک لە ئینستاگرام لە کۆمێنت بۆ ئێمباپێی نووسیوە :’هەر لەوەمان کەم بوو ئێمباپێ لەکاتی پشوودان خەریکی نێرگەلە کێشان بێت، ئەم پیاوە جارێکی دیکە گاڵتە بە هاندەرانی ریال مەدرید دەکات’.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، وێنەکەی ئێمباپێ لە ماڵی ئەشرەف حەکیمی بەرگریکاری پاریس سانجێرمان لە پاریس چرکێنراوە، بەڵام نیشانەی تیری رەخنە و توانجەکان لە ئێمباپێیە نەوەک لە حەکیمی.
ئێمباپێ کە لەلایەن دیدیێ دیشانەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی فەڕەنسا نەکراوە، لە ئینستاگرام دوو وێنەی بەیەکەوە بڵاوکردووەتەوە، لە یەکێکیان خەریکی یاریی پادێلە و لەوەی دیکە خەریکی یاریی پلەیستەیشنە.
ئەمە دووەمجارە ئێمباپێ لەکاتی پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان تووشی کێشە و مقۆ مقۆ دەبێت، مانگی رابردوو کاتێک بانگهێشتی هەڵبژاردەکەی نەکرا، بۆ وەرگرتنی پشووەکانی سەردانی سویدی کرد و لە هۆتێڵێکی ستۆکهۆلم بە دەستدرێژیکردنە سەر خانمێک تۆمەتبار کرا، ئەمجارەش بۆ وەرگرتنی پشوو سەردانی پاریسی کردووە، بە بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی جارێکی دیکە هەرای ناوەتەوە.