ئەنچیلۆتی بڕیاری داوە گۆڕانکاریی بکات و دەڵێت: خۆمان چاک نەکەین بەرامبەر لیڤەرپوول دەڕووخێین
یاریگا –
ئەنچیلۆتی بڕیاریداوە شێواز و پلانی راهێنانەکانی یانەکەی و ئامادەکردنی یاریزانەکان لە رووی توانای جەستەییەوە بگۆڕێت، لە پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان دەستیپێکردووە و بە یاریزانەکانی گوتووە ‘خۆمان چاک نەکەین بەرامبەر لیڤەرپوول دەڕووخێین’.
تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی داوای لە راهێنەرانی توانای جەستەیی یانەکەی کردووە، شێواز و بەرنامەی راهێنانەکانیان بگۆڕن، راهێنەرە ئیتاڵییەکە دەیەوێت وەستانی یارییەکان بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی لە رووی توانای جەستەییەوە توانای تیپەکەی بەرز بکاتەوە.
ئەنچیلۆتی لە یەکەم رۆژی راهێنانەکانی یانەکەی لە پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان بە بەشداریی 7 یاریزانی تیپی یەکەمی دەستی بە پلانێکی نوێی توانای جەستەیی کردووە، کارلۆ بە یاریزانەکانی گوتووە ‘ئەگەر ئێمە ئاستی خۆمان بەرز نەکەینەوە، بەرامبەر لیڤەرپوول دەدۆڕێین’.
راهێنەرەکەی ریال مەدرید دانی بەوەدا ناوە لە رووی توانای جەستەییەوە لە ئاستی پێویستدا نین، بۆ نموونە ئەنچیلۆتی دوای دۆڕانیان لە یاریی کلاسیکۆ دوو رۆژ پشووی بە یاریزانەکانی دا، کەچی بارسێلۆنا رۆژی دواتر دەستی بە راهێنانەکانی کردەوە، داڤید ئالابا بڕوای وایە ئەو راهێنان و مەشقانەی لە ریال مەدرید دەیکەن هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی ئەو راهێنانەی لە بایرن میونشن پێیان دەدرا.
لە یانە مەدریدییەکە بە بەڵگە و ئامار بۆیان دەرکەوتووە، یاریزانانی یانەکەیان لە یارییە گەورەکان لە رووی توانای جەستەییەوە تەواو ئامادە نین، بۆ نموونە یاریزانانی مێرەنگی لە یاریی کلاسیکۆ 10 کیلۆمەتر کەمتر لە یاریزانانی بارسێلۆنا رایانکردووە، لە یاریی بەرامبەر شتوتگارت 8 کیلۆمەتر کەمتر لە یاریزانانی یانە ئەڵمانییەکە رایانکردووە، لە یاریی بەرامبەر لیلی فەڕەنسی یاریزانانی ریال 12 کیلۆمەتر کەمتر رایانکردووە، لە یاریی بەرامبەر بۆڕووسیا دۆرتموندیش 6 کیلۆمەتر کەمتر رایانکردووە و لە یاریی ئەیسی میلانیش کە 3-1 تووشی شکست بوون، کوڕانی ئەنچیلۆتی 6 کیلۆمەتر کەمتر لە یاریزانانی رۆسۆنێری رایانکردووە.