یاریگا –
هۆکاری راستەقینەی بانگهێشت نەکرانی ئێمباپێ بۆ هەڵبژاردەی فەڕەنسا ئاشکرابوو، هێرشبەرەکەی ریال مەدرید لە رووی دەروونییەوە بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت.
رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی ئاشکرایکردووە، کیلیان ئێمباپێ چەند مانگێکە لە رووی دەروونییەوە باش نییە و هەست بە ئاسوودەیی ناکات، لەگەڵ چەند پزیشکێکی دەروونی لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی بەسەر ئەم دۆخەیدا زاڵ بێت.
رۆژنامە فەڕەنسییەکە بە پشتبەستن بە گوتەی کەسانی دەوروبەری ئێمباپێ رایگەیاندووە، هێرشبەرە فەڕەنسییەکە لە رووی جەستەییەوە تەواو ئامادەیە، بەڵام دیدیێ دیشان راهێنەری فەڕەنسا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئاشکراکردنی لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەکەی گوتی ‘من پێم باشتر بوو بانگهێشتی ئێمباپێ نەکەم، هەرچەندە ئەو ئامادەبوو’.
کەسێکی نزیکی ئێمباپێ بە رۆژنامەی لیکیپی راگەیاندووە ‘خەڵکی چی دەڵێن با بیڵێن، بەڵام ماوەیەکە ئێمباپێ لە رووی دەروونییەوە باش نییە، دۆخەکە هەروا ئاسان نیەە، پێویستی بە کات و کارکردن هەیە’.
دوو مانگە لەسەریەک ئێمباپێ بۆ هەڵبژاردەی فەڕەنسا بانگهێشت ناکرێت، کە هاوینی رابردوو لە پاریس سانجێرمانەوە روویکردە ریزەکانی ریال مەدرید.