یاریگا –
ساکا و رایس لە دوایین یاریی ئارسیناڵ بەرامبەر چێڵسی تووشی پێکان بوون، ئارتێتا دەڵێت ‘هەست ناکەم دۆخیان باش بێت’.
میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵی ئینگلیزی دوای یارییەکەیان بەرامبەر چێڵسی کە 1-1 یەکسانبوون، لەبارەی پێکانی دێکلان رایس و بوکایۆ ساکا گوتی :’وادیارە دۆخیان باش نییە، ئەوان نەیانتوانی یارییەکە تەواو بکەن، ئەمەش شتێکی باش نییە و هەست بە باشی ناکەم’.
هەروەها گوتیشی :’ئەوان نەیاندەتوانی یارییەکە تەواو بکەن بۆیە داوایان کرد گۆڕانکاریی بکرێن، بڕوا ناکەم بۆ یارییەکانی ئینگلتەرا ئامادە بن، چونکە ئەگەر ئامادە بوونایە لە یارییەکە نەدەهاتنە دەرەوە، من نزا دەکەم دوای پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان تەواوی یاریزانەکانمان بەردەست بن و بۆ یارییەکان ئامادەبن’.
بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاکانی بەریتانیا، رایس و ساکا لە دوو یاریی داهاتووی ئینگلتەرا لە نەیشنزلیگ بەرامبەر یۆنان و ئێرلەندا بێبەش دەبن، کە ناوەڕاستی ئەم مانگە دەکرێن.
ساکا لە دوایین 14 یاریی ئارسیناڵ 4 گۆڵ و 7 ئەسیستی کردووە کە بەهۆی پێکانەوە لە دوایین دوو یاریی سێ شێرەکان دابڕابوو.