یاریگا –
رێخکراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ‘ئەمنستی’ داوای وەستاندنی پڕۆسەی پێدانی میوانداری مۆندیالی 2034 بە سعوودیە لە فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ ‘فیفا’ دەکات.
لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، فیفا مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 بە مەغریب، ئیسپانیا و پۆرتوگالدا و تاوەکو ئێستا بە فەرمی، شەڕەفی میوانداریکردنی مۆندیالی 2034 بە سعوودیە نەداوە، هەرچەندە تاکە بەربژێرە.
رێکخراوی ئەمنستی و کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکیدا هاوبەشدا دووپاتیانکردووەتەوە، هەڵسەنگاندنی تەواوییان بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە سعوودیە لەسەر داوای چەند وڵاتێک کردووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رێکخراوی ئەمنستی بێت، تاوەکو ئێستا سعوودیە تەواوی رێکارەکانی پەیوەست بە دڵنیایی مافەکانی مرۆڤ بەگوێرەی بنەماکانی فیفا پێشکەش نەکردووە.
ئەمنستی لە راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی
ئەگەر مۆندیال لە سعوودیە بەڕێوەبچێت، ئەوا پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ دەبێتە مەترسییەکی جیدی. ئەگەر دڵنیایی باوەڕپێکراو بۆ چاکسازی پێشکەش نەکرێت، ئەوا زیان و قوربانییەکانی میوانداریکردنی مۆندیال لەلایەن سعوودیەوە زۆر مەترسیدار دەبێت.
هاندەران رووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە، کرێکاران بەکاردەهێندرێن و ژمارەیەکی زۆریان دەبنە قوربانی و دەمرن. پێویستە فیفا پڕۆسەی پێدانی مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2034 بە سعوودیە رابگرێت، تاوەکو خۆی لە کارەساتی گەورە بپارێزێت.
بڕیارە فیفا بەر لە کۆنگرەی نائاسایی کە بڕیارە لە 11ی مانگی دیسێمبەر/کانوونی یەکەم بکرێت، کەیسی میوانداریکردنی مۆندیالی 2034 یەکلاییبکاتەوە، ئەمەش رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی هێناوەتە سەرهێڵ و داوای وەرگرتنی دڵنیایی لە سعوودیە دەکەن.
سعوودیە 15 یاریگای نوێ بۆ مۆندیالی 2034 دروستبکات و بەگوێرەی پلانەکە بێت، تەواوی کاریی دروستکردنی یاریگاکان لە ساڵی 2032 تەواو دەبێت، جیا لەمەش سعوودیە پێویستی بە دروستکردنی 185 هەزار ژوور (هۆتێل و مۆتێل) هەیە.
بۆ دروستکردنی یاریگا و هۆتێلی نوێ، سعوودیە پێویستی بە دەستی کارە و رێکخراوەکان دەیانەوێت، رێگری لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی قەتەڕ بگرێت.
رۆژنامەی گاردیان بڵاویکردبووەوە، لانیکەم 6500 کرێکار لە کاتی دروستکردنی یاریگاکانی قەتەڕ گیانیان لەدەستداوە، هەرچەندە حکومەتی قەتەڕ، تەواوی تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە.