رۆبێرتۆ دی زێربی راهێنەری مارسیلیای فەڕەنسی، ئەو گرێبەستە نیشانی یاریزانانی یانەکەی دەدات کە شەیتانە سوورەکان پێشکەشیان کردبوو.
هاوینی رابردوو، دەنگۆی دوورخستنەوەی ئێریک تێن هاگ هەبوو بەڵام سەرەنجام یانەکە بڕیاریدا ئەو راهێنەرە بهێڵێتەوە تاوەکو لە سەرەتای ئەم مانگە دووری خستەوە. دی زێربی ئاشکرایدەکات کە یونایتد لە هاوین گرێبەستیان پێشکەش کردووە و ئەو رەتیکردووەتەوە.
بەگوێرەی لێ ئیکیپ، ناوبراو لە پرۆجێکتەری ژووری کۆبوونەوەکان دا، کۆپییەکی گرێبەستەکەی نیشانی یاریزانان دا و پێی وتوون “دەکرا ئێستا راهێنەری مانچێستەر بم، بەڵام من تۆپی پێ م لەبری پارە هەڵبژارد. من لەپێناو خۆشەویستی لە مارسیلیام”.
بەگووتەی سەرچاوەکە، ئەم کارەی دی زێربی دوای شکستەکەی مارسیلیا هات بەرامبەر ئۆکسێر لەم هەفتەیەدا.
هاوکات دوای یارییەکەش لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا وتی “ئەگەر من هۆکاری ئەنجامەکانی مارسیلیام ئەوا واز دەهێنم و پارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەم ناوێت چونکە من بۆ پارە لێرە نیم”.
مارسیلیا لە کۆتا 10 یاریدا، پێنج یاری بردووەتەوە و لە پلەی سێهەمی خولی فەڕەنسی دێت بە جیاوازی 9 خاڵ لەگەڵ پاریسی پێشەنگ.