یاریگا –
زمانی جەستەی پێپ گواردیۆلا دەریدەخات کە هاوشێوەی وەرزی یەکەمی لەسەر کورسی یەدەگی مانچێستەر سیتی رووبەڕووی قەیرانێکی جددی بووەتەوە.
لە هەفتەی یازدەیەمی پرێمەرلیگدا، مانچێستەر سیتی بە تاکە گۆڵەکەی ئێرلینگ هالاند تا خولەکی 78 بە گۆڵێک لە پێش برایتۆنەوە بوو، بەڵام برایتۆنی خاوەن یاریگا توانی ریمۆنتادا بەسەر سیتیزندا بکات و بە ئەنجامی 2-1 لە سیتی بباتەوە.
ئەم شکستە بووە هۆی ئەوەی سیتیزن دوای 18 ساڵ چوارەم شکستی لەسەریەک ئەزموون بکات. مانچێستەر سیتی لە ساڵی 2006ەوە چوار شکستی لەسەریەک نەبووە.
هاندەرانی سیتی پێشتر پێپ گواردیۆلایان لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا بینیبوو. کاتێک بە نیگەرانییەوە لەسەر ئەژنۆی دانیشتبوو و خەم بە روخسارییەوە دیار بوو. هەڵسووکەوتەکانی گواردیۆلا لە یارییەکەی بەرامبەر برایتۆن هاوشێوەی سەرەتای دەستپێکی وەرزشی لەگەڵ سیتی بوو، کاتێک تووشی بارودۆخی لەم شێوەیە ببوەوە وئەنجامەکان بە دڵی هاندەران نەبوون.
زمانی جەستەی پێپ دەریدەخات کە قەیرانێکی هاوشێوەی وەرزی یەکەمی لەسەر کورسی یەدەگی مان سیتی تووشی بووەتەوە. چوارەم دۆڕانی لەسەریەک مانچێستەر سیتی بەو مانایەیە کە گواردیۆلا لە خراپترین ئاستی ژیانی راهێنەرایەتیدایە، پێشتر هەرگیز چوار یاری لەسەریەکی نەدۆڕاندووە.
ئامارەکان چی دەڵێن؟
یاریزانانی گواردیۆلا لە وەرزی رابردوو بە تێکڕا 2.53 گۆڵ لە هەر یارییەکیاندا هەبوو و ئەم وەرزە بۆ 2 گۆڵ لە هەر یارییەکدا ئامرەکانیان گۆڕاوە، هەرچەندە تێکڕای لێدانی زیاتریان لە گۆڵدا هەبووە، وەرزی رابردوو لە هەر یارییەکدا 18.5 لێدانیان بۆ ناو گۆڵ هەبووە ئەم وەرزە ئامارەکە بەرز بووەتەوە بۆ 19.6.
ئێستا سیتیزنز زیاتر پشت بە هالاند دەبەستێت بە بەراورد بە وەرزی رابردوو و چانسی گۆڕینی یاریزانان لە 38% بۆ 29.8% دابەزیوە.
لەبەرامبەردا سیتی ئێستا لە هەر یارییەکدا 1.17 گۆڵی لێدەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەرزی رابردوو تێکڕای گۆڵی 0.92 لە هەر یارییەکدا تۆمارکرابوو.
ئەم راهێنەرە کەتەلۆنییە کە لە هاوینی 2016 سەرکردایەتی مان سیتی گرتە ئەستۆ، کۆمەڵێک نازناوی بۆ یاریگای ئیتیحاد هێناوە. بۆیە بێهەڵوێستییە ئەگەر گومان لە بەهێزی گواردیۆلا و مانچستەر سیتی بکەین بە لەبەرچاوگرتنی ریکۆردی بێ وێنەی سەرکەوتنیان لە پرێمەرلیگدا، بەڵام ناتوانرێت ئەو دۆڕانانە و کاریگەرییەکانیان پشتگوێ بخرێن.
سیتی بە 5 خاڵ لە دوای لیڤەرپوولی پێشەنگی پرێمەرلیگەوەیە؛ لە چامپیۆنزلیگدا بە 4 گۆڵ بە سپۆرتینگ دۆڕا، هەروەها بە دۆڕاندنێک بەرامبەر تۆتنهام لە جامی یانەکانی ئینگلتەرا دوورخرایەوە.
رەنگە تیپەکەی گواردیۆلا لە بەختی خراپی خۆیەوە بێت کە هەر 4 یاری یەک لە دوای یەک لە دەرەوەی یاریگا خۆیاندا بوون. بەڵام ئەو پرسیارەی کە رەنگە نەک تەنها لەلایەن هەندێک لە هاندەرانی مان سیتی بەڵکو لە مێشکی خۆشەویستانی تۆپی پێدا وروژابێت ئەوەیە ئایا حوکمڕانی گواردیۆلا لە مانچێستەر سیتی بەرەو کۆتایی دەڕوات؟