یاریگا –
ئێمباپێ لە فەڕەنسا یاخی دەبێت و ئامادە نییە تاوەکو دیشان راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە بکات بگەڕێتەوە ریزی لێس بلووز
رۆمان مۆلینا رۆژنامەنووسی فەڕەنسی لە ڤیدیۆیەکی لە یوتیوب ئاشکرایکردووە، کیلیان ئێمباپێ ئامادە نییە تاوەکو دیدیێ دیشان راهێنەری فەڕەنسا بێت یاریی بۆ هەڵبژاردەکە بکات، هێرشبەرە فەڕەنسییەکە پەیوەندی لەگەڵ راهێنەرەکەی تێکچووە و وەکو جاران رێزی ناگرێت.
رۆژنامەنووسە فەڕەنسییەکە ئاشکرایکردووە، مانگی رابردوو لەسەر داوای ئێمباپێ بانگهێشتی یارییەکانی هەڵبژاردەکەی نەکرا، بەڵام ئەمجارە راهێنەرەکەی فەڕەنسا خۆی بڕیاری داوە بانگهێشتی کیلیان نەکات، ئەمەش هێرشبەرەکەی ریال مەدریدی تووڕە کردووە.
مۆلینا راشیگەیاندووە، ئێمباپێ پێش ئەویە ئەم بڕیارە بدات تەواو بیری لێکردووەتەوە و گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی لەنێو میدیا فڕەنسا پیلانێک لەدژی لەئارادایە و بڕیاری داوە تاوەکو دیشان راهێنەری فەڕەنسا بێت نەگەڕێتەوە هەڵبژاردەکە.
بەشێک لە یاریزانانی هەڵبژاردەی فەڕەنسا لە بەرەی ئێمباپیدان و بروایان وایە بەمزووانە زینەدین زیدان شوێنی دەگرێتەوە و دەبێتە راهێنەری کەلەشێرەکان، بەڵام بەشێکیشیان لە بەرەی دیشاندان کە راهێنەرەکەی فەڕەنسا جامی جیهانی 2018ـی لەگەڵ لێس بلووز بەدەستهێنا و تاوەکو دوای مۆندیالی 2026 گرێبەستەکەی نوێکردووەتەوە.