یاریگا –
پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئێستای مانچێستەر سیتی کە ماوەیەکە باس لەوە دەکرێت لە کۆتایی کاروانەکەیەتی لەگەڵ ئەو یانەیەوە، لە ماوەی ئەم ساڵدا چەند جارێک لەلایەن هەڵبژاردەیەکی گەورەی جیهانەوە پەیوەندی پێوەکراوە.
جاری یەکەم نییە راهێنەرە ئیسپانییەکە ناوی بە هەڵبژاردە گەورەکانی تۆپی پێ دەبەسترێتەوە، لە ماوەی رابردووشدا وەک پاڵێوراوێکی بەهێز بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردەی ئینگلتەراش دەبینرا پێش ئەوەی تۆماس توخێل بە فەرمی پۆستەکە وەربگرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی زە ئاتڵێتیکی ئینگلیزی، هەر لە ماوەی ئەم ساڵدا چەندین جار لەلایەن بەڕازیلەوە پەیوەندی پێوەکراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی سامبا.
ئەو سەرچاوە باوەڕپێکراوە ئاشکراشیکردووە کە پێپ بەپەرۆشە بۆ بیرۆکەکە و راهێنەرایەتیکردنی بەڕازیل.
هەر لەدوای جامی جیهانی 2022 و رۆشتنی تیتێی راهێنەری بەڕازیلیەکان، هاتنی راهێنەری دیکە هیچ چارەسەرێکی پێ نەبووە و سەماکەرەکانی سامبا بەتەواوەتی لە ناسنامەی راستەقینەی خۆیان دوورکەوتوونەتەوە. جگە لە لەدەستدانی کۆپا ئەمێریکا، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026یش لە 10 یاریدا تەنها 16 خاڵیان هەیە و لە پلەی چوارەم دێن.