خەریکە ئەنچیلۆتی لەسەر کورسی یەدەک گولەر لەناو دەبات
ئەمشەو جارێکی دیکە لەسەر کورسی یەدەک دەبێت
یاریگا –
خەریکە ئەنچیلۆتی لەسەر کورسی یەدەک گولەر لەناو دەبات، راهێنەرە ئیتاڵییەکە هێشتا ئامادە نییە دەرفەتی زیاتری یاریکردن بە بەهرەمەندە تورکەکە بدات.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە راپۆرتێکی رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا کەس نازانێت هۆکاری متمانە نەدان بە ئاردا گولەر لەلایەن کارلۆ ئەنچیلۆتییەوە چییە، هێشتا راهێنەری ریال مەدرید ئامادە نییە دەرفەتی زیاتری یاریکردن بە گولەر بدات، ناوەڕاستکارە لاوەکەی مێرەنگی لە دوایین چوار یاریی لالیگا تەنیا 11 خولەک یاریی کردووە، لە دویاین دوو یاریی چامپیۆنزلیگیش تەنیا خولەکێک یاریی کردووە.
مارکا راشیگەیاندووە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە گولەر لەسەر کورسی یەدەک دەبێت، بەرپرسانی ریال مەدرید داوا ناکەن گولەر سەرەکی بێت، بەڵام داوا دەکەن ئەنچیلۆتی دەرفەتی زیاتری یاریکردنی پێبدات، گولەر تاوەکو ئێستا زۆر ئارامگرە، تەنانەت وەرزی رابردووش ئەنچیلۆتی بەگوێرەی پێویستی دەرفەتی پێنەدەدا.
گولەر (19 ساڵان) لەم وەرزە لە لالیگا تەنیا 251 خولەک یاریی کردووە و لە چامپیۆنزلیگیش تەنیا 39 خولەک یاریی کردووە، هێشتا ئەنچیلۆتی متمانەدان بە یاریزانە بە ئەزموونەکانی پێ باشترە.
دۆخی ئاردا لەگەڵ هەڵبژاردەی تورکیا تەواو جیاوازە، هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردەکەی سەرەکییە و لە 16 یاری 991 خولەک یاریی کردووە، سێ گۆڵ و سێ ئەسیستی بۆ هەڵبژاردەکەی کردووە.
گولەر هاوینی 2023 بەرامبەر 20 ملیۆن یۆرۆ لە فێنارباهچێی تورکییەوە روویکردە ریزەکانی ریال مەدرید و تاوەکو هاوینی 2029 گرێبەستی لەگەڵ ئەو یانە ئیسپانییە هەیە، هاوینی رابردوو چەند ئۆفەرێکی بۆ هات بەڵام بڕیاریدا لە ریال مەدرید بمێنێتەوە.