یاریگا –
ریاڵ مەدرید بەدەست زۆری بژاردەکانیەوە بۆ هێڵی هێرشبەری تووشی گرفت هاتووو بەتایبەت لە لای چەپ، ئەوەش دوای هاتنی کیلیان ئێمباپێ.
هێشتا ئەستێرە فەڕەنسیەکە نەگەشتبووە مەدرید، شیکەرەوە و شارەزاییان پێشبینی ئەو کێشەیان دەکرد کە راهێنەری شاهانەکان دووچاری دەبێت بۆ دیاریکردنی یەکێک لەو دوو سوپەرستارە لەو پێگەیە کە شوێنی تایبەتمەندی هەریەکەیانە.
خەونی مەدردیدیەکان بوو بە راستی و ئەوەی ساڵانێک چاوەڕوانی بوون، لە پاریسەوە گواسترایەوە بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بەڵام هەرزوو رەخنەکان روویان لەو یاریزانە کرد بەهۆی دەرنەکەوتنی ئاستی پێشوویەوە. ئەویش بۆ بەرگریکردنی لە خۆی، بەگوێرەی سەرچاوە جیاوازەکان، گازندەی لە بیرۆکەکەی کارلۆ ئانچیلۆتی هەیە بەهۆی ئەوەی لە دوو پێگەی جیاوازتر لە شوێنی هەمیشەیی خۆی یاریی پێدەکات کە ئەو دوو پێگەیەش هێرشبەری سەرەڕم یاخود ژمارە 9یـە.
بەگوێرەی نوێترین زانیاریی کە رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، ریاڵ بۆ باڵی چەپ کیلیان هەڵدەبژێرێ بەسەر ڤینیسیۆسدا.
ئەو سەرچاوەیە زیاتریشی ئاشکراکردووە و باس لەوە دەکات پرۆژە وەرزشیەکەی مەدریدیەکان زیاتر لە چواردەوری ئێمباپێ بونیات دەنرێت وەک لە ڤینیسیۆس.
ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە لە سعودیەوە پارەیەکی خەیاڵی دانراوە بۆ گواستنەوەی ڤینی، کە رەنگە هەر ئەمەشبێت یانە شاهانەکە لە ئێستاوە خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەدەکەن لەباری رازیبوونی ئەستێرە بەڕازیلیەکە بە ئۆفەری سعودیەکان.