یاریگا –
ستێفان ئۆرتێگا، گۆڵپارێزی مانچێستەر سیتی بۆ یەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکرێت.
جولیان ناگلیسمان، راهێنەری ئەڵمانیا ئەمڕۆ پێنجشەممە لیستی یاریزانانی بۆ هەردوو یاریی ئەڵمانیا لە نەیشنزلیگ بەرامبەر هەڵبژاردەکانی بۆسنیا و هێرسێگۆڤینا و هەنگاری ئاشکرا دەکات.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، ئۆرتێگا شوێنی یانیس بلاسڤیخ، گۆڵپارێزی رێدبووڵ سالزبوورگ بگرێتەوە، کە لە خولی نەمسا تووشی پێکان بووە.
هەریەکە لە ئالێکساندەر نوبێل، گۆڵپارێزی شتوتگارت و ئۆلیڤەر باومان، گۆڵپارێزی هۆفێنهایم لەگەڵ ئۆرتێگا بانگهێشت دەکرێن.
تاوەکو ئێستا هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە نەیشنزلیگ نەدۆڕاوە، 16 ئەم مانگە لە فرایبورگ میوانداری بۆسنیا دەکات و دوای سێ رۆژ، لە بوداپێست دەبێتە میوانی هەنگاریا.
ئۆرتێگا تەنیا بەشداری لە چوار یاریی ئەم وەرزەدا کردووە، دوو جار لە جامی کاراباو و دوو جاری دیکەش لە چامپیۆنزلیگ.