ڤینیسیۆس دەچێتە سعوودیە؟
رۆژنامەی ریازییە نوێترین زانیارییەکان ئاشکرا دەکات
یاریگا –
تاوەکو ئێستا چیرۆکی گواستنەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر بۆ یانەکانی سعوودیە بەردەوامە و بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە.
ئێدواردۆ پیکسۆتۆ، نوێنەری میدیایی ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی ریال مەدرید، دوا پەرەسەندنەکانی ڤینی و یانەکانی سعوودیە ئاشکرادەکات.
لەماوەی رابردوودا، بەردەوام باس لە ئەگەرەکانی گواستنەوەی ڤینیسیۆس بۆ هیلال یان ئەهلی سعوودی دەکرێت، تەنانەت یانەکانی سعوودیە ئامادەن بڕی یەک ملیار یۆرۆ، کە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیەتی لە ریال مەدرید، خەرج بکەن.
پێگەی فووت مێرکاتۆ لە راپۆرتێکی بڵاویکردبووەوە، نوێنەرانی حکوومەتی سعوودیە لە مەدرید لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر کۆبوونەوە و ئۆفەرێکی چوار وەرزییان خستبووە بەردەم یاریزانە بەڕازیلییەکە.
رۆژنامەی ریازییە لە زاری نوێنەری میدیایی ڤینی بڵاویکردووەتەوە
ئێستا گفتوگۆکانی نێوان ڤینیسیۆس و یانەکانی سعوودیە وەستاون، هیچ جووڵە و پەیوەندییەک لە نێوان هەردوولا رووی نەداوە. دەتوانم دووپاتیبکەمەوە، هیچ ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش بە ڤینی نەکراوە.
تاوەکو ئێستا ڤینی لە شۆکی وەرنەگرتنی خەڵاتی باڵۆن دۆر دەرنەچووە، بۆیە جارێکی دیکە ئەگەرەکانی دەرچوونی لە مەدرید هاتوونەتە ئاراوە.
یاریزانی نێودەوڵەتی بەڕازیلی لە هاوینی ساڵی 2018 پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، لەوساتەوە لە کۆی 279 یاریدا 91 گۆڵ و 82 پاسی یەکلاکەرەوەی هەیە و گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2027 بەسەردەچێت.