یاریگا –
بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی ریاڵ مەدریدەوە رۆشناییەکان جارێکیتر چوونەتەوە سەر کیلیان ئێمباپێ کە نەیتوانیوە لە یارییە گەورەکاندا یەکلاکەرەوەبێت و کەچی هەلێکی زۆری گۆڵ تۆمارکردنی دەفەوتێنێ.
شەوی رابردوو جارێکیتر ریاڵ مەدرید بە ئەنجامێکی قورس دۆڕایەوە کاتێ لە یاریگای خۆی 1-3 بە ئەیسی میلان دۆڕان. ئەوەش دوای چەند رۆژێکی کەم لە شکستە قورسەکەیان لەسەردەستی بارسێلۆنا.
کیلیان لە رووبەڕووبوونەوەکەی رۆسۆنێری، کە دیسان وەک هەندێ جار لە باڵی راست و هەندێ جاریش وەک هێرشبەری ژمارە 9 دەرکەوتەوە، چەند جارێک شکستی هێنا لە هەژاندی تۆڕی ماینانی هاونیشتمانی.
بەگویرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، ئەستێرە فەڕەنسیەکە نایەوێ چیتر لە پێگەی هێرشبەری ژمارە 9 یاریی بکات.
هەمان سەرچاوە ئەوەشی زانیوە کە ئێمباپێ دەیەوێ لە شوێنی دڵخوازی خۆی لە لای چەپ یاری بکاتەوە وەک ساڵانێکی زۆر لەگەڵ پاریس سانجێرمان لەو پێگەیە دەدرەوشایەوە.
ئەم دۆخە هەر لە سەرەتای هاتنی ئەستێرە فەڕەنسیەکە چاوەڕوانکراوبوو، بەهۆی هەبوونی ڤینیسیۆس جونیۆر لەلای چەپ کە ساڵانێکە چەکێکی کاریگەری مەدریدە. بە هاتنی بۆ قەڵای سپی، کارلۆ ئینچیلۆتی ڤینیسیۆسی لە شوێنی هەمیشەیی خۆی هێشتەوە و چاکەی ئەوی دا بەسەر کیلیاندا دا.
ئێمباپێ کە رەخنەی زۆری هاتووەتەسەر، ژمارەکانی لەم وەرزە لە خولی ئیسپانی بریتیە لە 6 گۆڵ و ئەسیستێک لە 10 یاریدا و، لە چامپیۆنزلیگش 4 یاری کردووە خاوەنی گۆڵێک و ئەسیستێکە.