گومان لەسەر دێکلان رایس زیادبوون
پێدەچێت بەشداری لە یاریی لووتکەی هەفتەی داهاتووی پرێمەرلیگ نەکات
یاریگا –
دێکلان رایس بەشداری لە یاریی ئەمشەوی ئارسیناڵ لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئینتەر میلان ناکات.
رایس لیستی یاریزانانی گەشتکردوو بۆ میلان دوورخرایەوە، ئەمەش دوای بەشداری نەکردنی لە دوا یەکەی مەشقی یانەکە لە لەندەن، هەرچەندە بەشداری لە 90 خوولەکی یاریی رابردووی گەنەرزی بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد کرد.
رایس بەشداری لە 12 یاریی ئەم وەرزی ئارسیناڵی لە پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ کردووە. لەم وەرزەدا تەنیا بەشداری لە یاریی بەرامبەر تۆتنهام نەکردووە، ئەمەش دوای وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی پێشووتر.
ئارتێتا لەبارەی بەشداری نەکردنی رایس دەڵێت
بەداخەوە، رایس لە یاریی رابردوو بەرامبەر نیوکاسڵ تووشی پێکانی ران بوو. نەیتوانی بەباشی یارییەکە تەواو بکات و دەبێ پێنجشەممە تەواوی پشکنینەکانی بکرێت و بزانین دەتوانێت بەشداری لە یاریی داهاتوومان لە پرێمەرلیگ دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، لەوانەیە مارتن ئۆدیگارد، بۆ یەکەمجار دوای دوو مانگ، بەشداری یارییەکان بکاتەوە، دوای دەستپێکردنەوەی مەشقەکان.
ئارسیناڵ پێش یاریی ئینتەر میلان ئەستێرەیەکی لە پێکان گەڕایەوە
لە مەشق و راهێنانە بەکۆمەڵەکانی ئەمڕۆی ئارسیناڵ، مارتن ئۆدیگارد بەبێ هیچ کێشەیەک بەشداریی کرد و هاوشێوەی یاریزانەکانی دیکە، بەشداریی تەواوی راهێنانەکانی گەنەرزی کرد، کە بەهۆی پێکانەوە لە ئارسیناڵ دابڕابوو.
ئۆدیگارد سەرەتای مانگی سێپتێمبەر لەگەڵ هەڵبژاردەی نەرویج تووشی پێکانێکی سەخت بوو، زیاتر لە دوو مانگە لە یاریگاکان دابڕاوە، پێشبینی دەکرێت بۆ یاریی سبەی بەرامبەر ئینتەر بانگهێشت بکرێت، بەڵام بۆ دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکەی لە نەیشنزلیگ بانگهێشت نەکراوە، کە نەرویج رووبەڕووی سلۆڤینیا و کازاخستان دەبێتەوە.
ناوەڕاستکارە 25 ساڵانەکە لە 12 یاریی رابردووی ئارسیناڵ بێبەش بوو، کە گەنەرز لە دوایین سێ یاریی لە پرێمەرلیگ هیچ بردنەوەیەکی بەدەست نەهێناوە.
ئەمشەو ئارسیناڵ کاتژمێر 23:00 دەبێتە میوانی ئینتەر میلان، گەنەرز لە سێ یاریی یەکەمی لە چامپیۆنزلیگ بەبێ ئۆدیگارد 7 خاڵی بەدەستهێناوە.