مۆراتا: كاتێک وەک شێر یاریی بكەین ئەستەمە لێمان ببەنەوە
یاریگا –
ئالڤارۆ مۆراتا، ئەستێرەی ئیسپانی یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی باس لە بردنەوەكەیان بەرامبەر ریال مەدرید دەكات.
شەوی رابردوو ریال مەدرید لە یاریگای خۆیدا میوانداری ئەیسی میلانی كرد و یارییەكەش بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك لە بەرژەوەندی یانەی میوان كۆتایی هات، لە میانی یارییەكانی گەڕی چوارەمی چامپیۆنزلیگ.
مالیك تیاو لە خولەكی 12 گۆڵی یەكەمی میلانی كرد و دواتر ڤینیسیۆس جونیۆر بە لێدانی سزا گۆڵی یەكسان بوونی مەدریدی لە خولەكی 23 كردەوە، پاشان مۆراتا و رێندێرس لە خولەكەكانی 39,72 گۆڵی دووەم و سێیەمی میلانیان كرد.
پێشتر مۆراتا یاریی بۆ ریال مەدرید كردووە بەڵام لە كۆی 13 یاری بەرامبەر یانەكەی پێشووتری توانیویەتی حەوت گۆڵ بكات.
لە دوای یارییەكە لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی ئاس، مۆراتا گوتی:
ریال مەدرید تیمێكی گەورەیان هەیە، ناچار بووین بەتەواوی وزە و توانای خۆمانەوە رووبەروویان ببینەوە.
بۆ ئێمە گرنگ بوو ئەو بەهایەی هەمانە بزانین، كاتێک 11 شێرین لە یاریگادا ئەستەمە بتوانن لە ئێمە ببەنەوە.
لەگەڵ هەموو بارودۆخەکاندا خۆم دەگونجێنم، ئەوەی دەمەوێت سەرکەوتنە، ئەوەی دەبێت بیکەم دەیكەم، تەنانەت ئەگەر ناچار بم گۆڵپارێزیش بم.
ئەیسی میلان بە كۆكردنەوەی 6 خاڵ لە ریزبەندی 18 چامپیۆنزلیگ دێن و ریال مەدریدیش بە هەمان ژمارەی خاڵ لە ریزبەندی 17 دێت.