یاریگا –
قوە جەوییە یارییەکی تاڕادەیەک یەکلاکەرەوە لە بەحرێن بەرامبەر خالدیەی ئەو وڵاتە دەکات.
لە گەڕی چوارەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا2 چوارشەممە ( 6ـی نۆڤێمبەری 2024 ) قوەجەوییە لە دەرەوەی یاریگای خۆی کاتژمێر 7ـی شەو بەرامبەر خالدیەی بەحرێنی یاریی دەکات، وسام رزق راهێنەری جەوییە سەبارەت بە ئامادەکاری تیپەکەی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رایگەیاند:
یارییەکی قورس و گرنگ چاوەڕێمان دەکات بۆیە دەبێ بە ئەنجامێکی باش بێینە دەرەوە و ئامانجمان وەرگرتنی بلیتێکی قۆناغی داهاتووی خولەکەیە، خالدیە یەکێکە لە باشترین یانەکانی بەحرێن و خاوەنی یاریزانی ئاستبەرزن.
مستەفا سەعدون یاریزانی بەرگری جەوییە کە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە ئامادەبوو دەربارەی یارییەکە گوتی:
بۆ ئێمە یارییەکە گرنگە دەبێ سەرکەوین بۆ ئەوەی لە کێبڕکێی سەرکەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو بەردەوامبین، رێز لە خالدیە دەگرین بەڵام ئامانجی ئێمە دڵحۆشکردنی هاندەرانمانە کە لە عێراقەوە چاوەڕێیمان دەکەن.
یاریی رابردووی نێوان هەر دوو یانە کە لە بەغدا بەڕێوەچوو خالدیە بە ئەنجامی 2 _ 1 سەکەوتنی بە دەستهێنابوو، قوەجەوییە شەش خاڵی هەیە لە ریزبەندی سێیەمە و خالدیە بە هەمان خاڵ لە ریزبەندی دووەم دێت، تەعاونی سعودیش شەش خاڵی هەیە و بە جیاوازی گۆڵ لە ریزبەندی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا2 دێت.