یاریگا –
ریال مەدرید کەلوپەلەکانی پێشووی ژووری جلگۆڕینی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە زیادکردنێکی ئاشکرا دەفرۆشێت، حەفت رۆژی دیکە زیادکردنەکە دەستپێدەکات و داهاتەکەی بۆ کاری خێرخوازی دەبەخشرێت.
کۆمپانیای سۆزبێز کە تایبەتە بە زیادکردنی ئاشکرا و بارەگاکەی لە لەندەنە ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید بڕیاریداوە کەلوپەلەکانی پێشووی ژووری جلگۆڕینی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە زیادکردنێكی ئاشکرا دەفرۆشرێت، رۆژی 12ـی ئەم مانگە بۆ ماوەی دوو هەفتە زیادکردنەکە دەکرێت، کە دۆڵابی 24 یاریزان لەو زیادکردنە نمایش دەکرێت.
لە زیادکردنەکە هەر دۆڵابێک نرخەکەی لە 13 هەزار دۆلار (دەفتەرێک و 30 وەرەقە) دەستپێدەکات کە وێنە و ناوی یاریزانەکانی لەسەرە، دیارترین ئەو یاریزانانەی دۆڵابەکانیان دەفرۆشرێت بریتین لە رۆناڵدۆی بەڕازیلی، زینەدین زیدان، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، سێرخیۆ رامۆس، رۆبێرتۆ کارلۆس، داڤید بێکهام و کەریم بێنزێما.
ریال مەدرید جگە لە دۆڵابەکان، ئەو لۆگۆیەش دەفرۆشێت کە لە ژووری جلگۆڕینی سانتیاگۆ راخرابوو، لۆگۆی ریال مەدرید بە قەبارەی سێ مەتر لەسەربوو، لە زیادکردنێکی ئاشکرا ئەو تابلۆیەش دەفرۆشرێت کە نرخەکەی لە 15.5 هەزار دۆلار دەستپێدەکات.
کۆمپانیای سۆزبێز دۆڵابەکانی لە ماڵپەڕەکەی نمایشکردووە و ئاماژەی بەوە کردووە ئەو دۆڵابانە لە ماوەی ساڵانی 200/2001 تاوەکو 2021/2022 لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە ژووری جلگۆڕین دانراون، کە وێنە و ناوی یاریزانەکانی لەسەر نووسراوە و کۆماپانیاکە زانیاری تەواوی لەبارەی دۆڵابەکان نمایشکردووە.