یاریگا –
لە گەڕی چوارەمی خولی بژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا، شورتە لە ئەرکێکی قورسدا رووبەرووی ئەهلی دەبێتەوە.
دوو شەممە ( 4ـی نۆڤێمبەری 2024 ) لە چوارەم یاریی خۆیدا شوڕتە لە یاریگای شاری وەرزشی شا عەبدوڵا لە سعودیە کاتژمێر 7ـی شەو بەرامبەر ئەهلی ئەو وڵاتە یاریی دەکات، شورتە لە یاریی رابردوودا بەرامبەر پاختاکۆری ئۆزبەکی یەکسان بووە و ئەهلیش لە قەتەڕ لە رەیانی بردبۆوە.
ئەحمەد سەلاح راهێنەری شوڕتە دەربارەی یارییەکە گوتی:
یارییەکەی سبەی بەرامبەر ئەهلی یارییەکی گرنگە بۆ ئێمە و پێویستە ئاستێکی باش پێشکەش بکەین بەرامبەر یانەیەکی بەهێزی وەکو ئەهلی، ئاستی تیپی بەرامبەرمان دەزانین کە زۆر بەرزە و ئەوان لە خولی بژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا لەگەڵ یانەی هیلال رکابەرن و لە پلەی یەکەم و دووەمی ئەو خولە دێن.
لە سێ یاریی رابردوودا شورتە دوو یەکسان بوون و شکستێکی هەیە و خاوەن دوو خاڵە لە ریزبەندی نۆیەمی خولەکە دێت، لە گەڕی داهاتووشدا شوڕتە لە بەغدا میوانداری وەسڵی ئیماراتی دەکات.
ئەهلی سعودی لە هەرسێ یارییەکە سەرکەوتنی تۆمار کردووە و خاوەنی نۆ خاڵە، بەڵام بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ هیلالی رکابەری لە ریزبەندی دووەمی خولی بژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا دێت، لە گەڕی داهاتووشدا ئەهلی لە ئیمارات بەرامبەر عەین یاریی دەکات.