عێراقگرنگترین

کاپتن و راهێنەری زاخۆ: لالیگا فریامان بکەوە خولی ئەستێرەکانی عێراق ئێمەی کوشت

زاخۆ لە سێ یارییەکەی دەرەوەی یاریگای خۆی نزیکەی 60 کاتژمێر بە پاس گەشتی کردووە

Yariga App

یاریگا –

کاپتن و راهێنەری زاخۆ رەخنەی توند لە خشتەی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەگرن و دەڵێن ‘ماندوو بووین، سێ رۆژ جارێک بە پاس گەشتی دوور و درێژ دەکەین و یارییش دەکەین’.

تەڵال بلوشی راهێنەری زاخۆ دوای دۆڕانەکەیان لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر قوە جەوییە رەخنەی توندی لە خشتەی یارییەکانی خولەکە گرت و گوتی :’خشتە یارییەکان تەنیا لە بەرژەوەندیی یانە جەماوەرییەکانە، کۆمەڵەی لالیگا با بێتە ئێرە بزانێت ئەوەی لە ئیسپانیا هەیە لە عێراق نییە، لێرە ئێمە بە پاس گەشتەکانمان دەکەین نەوەک بە فڕۆکە، ئێمە بۆ ماوەی 10 کاتژمێر لەناو پاس دەبین، ماندوو بوون و شەکەتی هۆکاری دۆڕانەکەمان بوو’.

ئەمجەد عەتوان، کاپتنی زاخۆ بە هەمان شێوە رەخنەی لە خشتەی یارییەکان هەیە و دەڵێت :’من نازانم سیستەمی خولەکە چۆنە، نازانم ئێمەیان پێ ئاسنە؟ ئێمە رۆژێکی تەواو لە رێگا بووین، ئێمە لە بەغد یاریمان بەرامبەر زەوڕا کرد و گەڕاینەوە رۆژێک پشوومان دا، دواتر یاریمان بەرامبەر دهۆک کرد، ئێنجا هاتینە ئێرە، رۆژێک لە رێگا بووین و لێرە یاریمان کرد، ئێمە نازانین لەکوێ و کەی یاریمان هەیە، وابڕیاربوو لە بەغدا بەرامبەر قوە جەوییە یاریی بکەین، کەچی لەناکاو یارییەکەیان هێنایە کوت’.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، زاخۆ لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 6 یاری 9 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی دێت، کە سێ یاری لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە و سەرجەمیانی لە بەغدا بووە، سێ یارییەکەی دیکەشی لەناو یاریگای خۆی بووە.

زاخۆ لەو سێ یارییەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە بەغدا ئەنجامی داون، بە چوون و گەڕانەوە 3 هەزار و 465 کیلۆمەتر بە پاس گەشتیان کردووە، یاریزانەکانی ئەو یانەیە نزیکەی 60 کاتژمێر لەناو پاس ماونەتەوە بۆ ئەویە گەشت بکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button