یاریگا –
پێدەچێت سەردەمی ئاردا گولەر لەگەڵ ریال مەدرید زۆر نەخایەنێت و خەریکە ئۆقرەیی لەدەستدەدات.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، مۆمی گولەر لەگەڵ کارلۆ ئانچێلۆتی خەریکە دەکووژێتەوە، لە شەش یاریی رابردوودا، گولەر تەنیا بەشداری لە 25 خولەكدا کردووە و ئەمەش ئامارێکی نیگەرانکەرە، چونکە ئەمە لە کاتێکدایە کە براهیم دیاز، رکابەری راستەوخۆی لەسەر بەدەستهێنانی شوێنێک لە پێکهاتەی سەرەکی ئانچێلۆتی تووشی پێکان بووە.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، گولەر لە هاوینی رابردوودا، بڕیاری یەکلاییکەرەوەی بۆ مانەوەی لە ریال مەدرید دا، ئەستێرە تورکییەکە چاوی لەوەبوو، رۆڵێکی گرنگ لە پێکهاتەی ئەم وەرزەدا بگێڕێت.
ئانچێلۆتی پێی وایە، بەهۆی بوونی یاریزانی زۆر، رکابەرییەکی توند لەسەر پێکهاتەی سەرەکیدا هەیە. لە هێڵی پێشەوەدا، هەریەکە لە کیلیان ئێمباپێ، رۆدریگۆ، براهیم دیاز و ڤینیسیۆس جونیۆر بژاردەی لەپێشترن بۆ ئانجێلۆتی.
لە هێڵی ناوەڕاستدا، هەریەکە لە فێدێریکۆ ڤالڤێردی، ئۆرێلیەن چوامینی و جود بێڵینگهام یاریی دەکەن و هەمووان بژاردەی لەپێشترن بەلای ئانچێلۆتییەوە.
رۆژنامەی مارکا لە زاری بەرپرسێکی باڵای نێو یانەکە روونیکردووەتەوە، دەنگەکانی ناڕەزایی لەنێو یانەکە زیادبوون و داوای پێدانی دەرفەتی زیاتر بە گولەر و ئێدواردۆ کاماڤینگا دەکەن.
هەرچەندە گولەر لە مەدرید دڵخۆشە، بەڵام ئەم وەرزە یەکلاییکەرەوەیە، تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووسی خۆی بدات.