عێراقکوردستان

جارێکی دیکە دهۆک لە یاریگای خۆیدا تووشی شكست بوو

Yariga App

یاریگا –

بۆ چوارەم یاریی دهۆک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریگای خۆی نەیتوانی سەرکەوتن تۆمار بکات.

لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دهۆک له نێو یاریگای خۆی میوانداری کەرخی کردوو یارییەکەشی بە ئەنجامی 3 _ 1 بە تیپی میوان دۆڕاند و جارێکی تر هاندەرانی نا ئومێد کردەوە، ئەندریس گارسیا یاریدەدەری راهێنەری دهۆک دوای تەواو بوونی یارییەکە دەربارەی شکستەکەیان گوتی:

گێمی یەکەم ئێمە باش یارییمان کرد و چەند هەلێکی گۆڵ تۆمارکردنمان لە دەستدا، گێمی دووەم بۆشایی زۆر هەبوو لە نێوان یاریزانانی بەرگری و ئەمەش وایکرد کەرخ سوود لە هێرشە هەڵگەڕاوەکان وەربگرێت، لە یاریی دێڕبی خاڵێکمان هێنا بەڵام ئەمڕۆ دۆڕاین ئەمەش تۆپی پێیە، هەوڵدەدەین لە یارییەکانی داهاتوو قەرەبووی ئەم شکستە بکەینەوە.

زولفەقار یونس هێرشبەری دهۆک دوای یارییەکە گوتی داوای لێبوردن لە هاندەرانمان دەکەین و شکستێکی ناخۆش بوو، هەوڵدەدەین لە داهاتوو بە سەرکەوتن قەرەبووی ئەم شکستە بکەینەوە.

شکستی دهۆک پێش گەشتەکەیان بوو بۆ عومان کە بریارە له خولی یانەکانی کەنداو بەرامبەر زەفار یاریی بکات، بەم شکستە هەڵۆکانی چیا بە پێنج خاڵ چوونە ریزبەندی 16ـەم و کەرخیش بە حەفت خاڵ هاتە ریزبەندی 14ـەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق.

تا ئێستا لە کۆی چوار یاریی لە نێو یاریگای خۆی دهۆک سێ شکست و یەکسان بوونێکی هەیە و هیچ سەرکەوتنێکی لە بەردەم هاندەرانی بەدەست نەهێناوە، یاریی گەڕی داهاتووشی بەهۆی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو بەرامبەر شوڕتە دواخراوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button