یاریگا –
دوای شەش گەڕ زاخۆ تووشی یەکەم شکست بوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر قوە جەوییە.
لە یاریگای کوتی ئۆڵێمپی قوەجەوییە و زاخۆ لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق رووبەرووی یەکتر بوونەوە، جەوییە بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر سەرکەوت و زاخۆی تووشی یەکەم شکست کرد لەخولەکە.
تەڵال بلووشی دوای تەواو بوونی یارییەکە هۆکاری شکستەکەی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی باس کرد و گوتی:
سێ یاریی بەهێزمان کرد بەدوای یەک لەگەڵ یانەکانی زەورا و دهۆک و قوەجەوییە، جەوییە ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و خۆشحاڵ بووم چاوم بە وسام رزق راهێنەری جەویە کەوت کە 15 ساڵە هاوڕێین و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم لە پاڵەوانێتی ئاسیاوی، جەوییە سودمەندی یەکەم بوو لە گواستنەوەی یارییەکە بۆ یاریگای کوت چونکە ئێمە نزیکەی 10 کاتژمێر لە رێگا بووین و ماندوو بووین.
عەلی کازم گۆڵپارێزی زاخۆ باس لە هۆکاری شکستەکەیان کردوو گوتی:
توانایەکی زۆرمان سەرف کرد تایبەت لە یاریی زەورا و دهۆک کە ئەمە کاریگەری هەبوو لە سەر تیپەکە، رێگایەکی دوورمان بڕی و ماندووبووین بەڵام ئەم یارییە لە بیر دەکەین و خۆمان ئامادە دەکەین بۆ یارییەکەی هەولێر.
بەم شکستە زاخۆ لە شەش یاریی نۆ خاڵی هەیە و لە ریزبەندی هەشتەم دێت، یاریی داهاتووش بەرامبەر هەولێر یاریی دەکات لە یاریگای خۆی، قوەجەوییە چووە ریزبەندی دووەم بە 12 خاڵ و گەڕی داهاتووش بە هۆی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا2 دواخراوە کە بریاربوو بەرامبەر نەفتی میسان یاریی بکات.